لیژنەی نەوت و غاز: لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، تەنیا دووكەڵی نەوتەکە بۆ كەركووكییەكانە

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، لە دوای ھاتنی حكوومەتی عێراق بۆ كەركووك، ھیچ بڕەپارەیەك لە داھاتی نەوت بۆ كەركووك نەبووە، هەروەها پارەی پترۆدۆلاریشیان پێ نادرێت و حكوومەتی عێراقیش سەرەڕای نەدانی بەشی كەركووك، لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە تەنیا ٢٥ملیار دیناری بۆ ئەو شارە ناردووە.
پێشتر نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەناردەی بەندەری جەیهان دەكرا و، حكوومەتی ھەرێم مانگانە ١٠ملیۆن دۆلاری دەدا بە ئیدارەی پارێزگای كەركووك بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە، بەڵام لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر و هێرشی ھێزە عێراقییەكان بۆ ئەو شارە و ناوچەگەلی دیکە و خۆسەپاندنی بەزەبری هێز، ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە راگیراوە.
سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (ئەحمەد عەسكەری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "٤٠ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بۆ مووسڵ دەڕوات و ٢٠ھەزاریش بۆ دووكان و ٥٠ھەزاری بۆ كەركووك و ٢٥ھەزاریش بۆ بەغدا، ئەوەی دیكەیش كە دەمێنێتەوە، بە تەنكەر بۆ ئێران دەڕوات، كە ئێمە وەكوو ئەنجوومەن وردەكارییەكەی نازانین و لێی ئاگادار نین".
سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نایشارێتەوە كە، "خەڵكی پارێزگای كەركووك لە داھاتی ئەو نەوتە ھیچی دەست نەكەوتووە و زیانی زۆری كردووە، چونكە تەنیا دووكەڵەكەی بۆ خەڵكی كەركووك ماوەتەوە و؛ ئەوەی لەلایەن حكوومەتی ھەرێمیشەوە لە داھاتی نەوتەكە بۆ كەركووك هەبوو، دوای ھاتنی حكوومەتی عێراق ئەویش نەماوە و بەغدایش ھیچ بڕەپارەیەك لەو داھاتە ناداتە كەركووك".
وەک عەسکەری گوتی، پێشتر لەوکێڵگانەی خەباز و جەمبور و بابەگوڕگوڕ ١٧٠ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھات و ئێستایش ھەمان رێژەیە، بەڵام ئەوانەی بای حەسەن و ئاڤانە و کێڵگەی باشوور، ٢٥٠ھەزار بەرمیل بەرھەمی بوو و لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرا، کەچی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە وەستاوە و ھیچی لێ ھەناردە ناکرێت.
عەسكەری جەخت دەکاتەوە کە، لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكوو ئێستا، لەو ھەزار بەرمیل نەوتەی عێراق گرتوویەتییەتیە دەست، حكوومەتی عێراق تەنیا ٢٥ملیار دیناری بۆ كەركووك ناردووە، كە بەشی ھیچ ناكات و بڕێكی زۆر كەمە.
بڵند ئیبراھیم




