٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسروور بارزانی، هێمای سەرکەوتنی ئیرادەی گەل بەسەر پیلانگێڕییەکاندا

سەرچاوە: KDP.info

ئامینا زکری

لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا، سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵات و ڕەوایەتیی سیاسی، نە هێزی میدیاییە و نە هاوپەیمانیێتی و ڕێککەوتنە گوماناوی و کاتییە سیاسییەکان، بەڵکوو دەنگی خەڵکە. هەر حکوومەتێک کە لەڕێگەی سندوقی هەڵبژاردن و ویستی ئازادی هاووڵاتییانەوە دەسەڵات وەردەگرێت، مافی ئەوەی هەیە بەرنامە و پڕۆژەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ بکات و لەبەردەم گەلدا بەرپرسیار بێت.

هەرێمی کوردستان دەمێكە دەستی بە پرۆسەی دیموکراسی کردووە، هەرچەندە هەنگاوەکانی بە مەبەست خاو دەکرێنەوە، بەڵام ئارامگریی ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە، سەرەڕای ئەوەی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا براوەی یەکەم و خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بووین، بەڵام لەسەر بنەمای فەلسەفەی گفتوگۆ و پشوو درێژی هەنگاوی ناوە و هەمیشە لە پێناو یەکڕیزی، سازان و سەرخستنی پرۆسەی حوکمڕانی، زۆرجار لە مافی خۆی خۆش بووە و ماوەیەکی زۆری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تەرخان کردووە.

حکوومەتە سەرکەوتووەکان بە قسە و دروشم ناناسرێن، بەڵکوو بەو کاریگەرییە دەناسرێن کە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دادەنێن. کاک مەسروور بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە گوتاری گەشەپێدان و خزمەتگوزاری جێگەی ململانێ و ناکۆکیی بێ کۆتایی سیاسی بگرێتەوە. جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ڕێگاوبان، بنیاتنانی بەنداو و پۆند، پشتیوانیکردنی کشتوکاڵ، هەوڵدان بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن و دیجیتاڵکردنی زۆربەی دامەزراوە حکوومییەکان و پێشخستنی سیستمی بانکی، گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و هەوڵدان بۆ فرەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی ڕۆتین، زیادکردنی شەفافیەت بەشێکن لەو بینینەی کە گەشەپێدان بە ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی هاوڵاتیان دەزانێت.

کاک مەسروور کاندید و ڕاسپێردراوی پارتییە لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو بووە لە خزمەتی گشتی، لە بەرگەگرتنی قەیرانە دروستکراوەکان، لە ڕاستگۆیی و کردار. هۆکاری ئەوەی کاک مەسروور بارزانی بووەتە گرێی دەروونیی نەیاران، لەوەدایە کە سازش لە مافەکانی گەلی کوردستان ناکات و بەرپەرچی خیانەتکاران دەداتەوە، ئەو بەرژەوەندییە کەسی و قۆرخکارییە حزبییەکانی نەپاراستووە و بە ئیرادەیەکی پتەو بەرانبەر ئەو هەوڵانە وەستاوەتەوە کە دژی دامەزراوە نیشتمانییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێن، لە ڕاستیدا ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئیرادەی خۆنەچەماندن و دەوڵەتداریدا هەیە. ئەو ڕاشکاو و ڕاستە خاوەن پرەنسیپی نەگۆڕە و خەونی گەورەی هەن، خەونەکانی هێند گەورەن تەنانەت نەیارە بچوکەکانیشی دەتوانن لەسایەیدا پەنایەک بۆخۆیان بدۆزنەوە.

ئەوان دەیانەوێت وەك یاریزانە شكستخواردووەكە، بە بەردەوامی وێنەیەکی ناڕاستی كاك مەسروور نیشان بدەن، بەڵام ئەو بە پشوو درێژی، ئارامگری و دەستپێشخەری بۆ گفتوگۆ وەڵامی داوەتەوە و دەستی ئاشتی درێژ دەکات. چونکە پەروەردەی ڕێبازێکە، پەروەردەی دەستی ڕێبەرێکی نیشتیمانییە کە کوردستان ئامانجە و پارتی تەنها ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی.

ئێمەی پەروەردەکراوی ڕێبازی پارتی، فێرکراوین چاومان لەسەر کردار و ئاکاری خۆمان بێت، چونکە سەرکردە و ڕەمزەکانمان هێندە گەورەن کە پێویستیمان بەوە نییە چاو ببڕینە شکاندنی کەسانیتر تا گەورەیی بەدەست بهێنین. ئێمە هێندە کارامەین کە دەتوانین هەم یارییەکە ببەینەوە و هەم ڕەوشتی یاریکردنیش بپارێزین و وەڵامی بێمۆڕاڵەکان وا نەدەینەوە کە بۆ ئاستی ئەوان دابەزین.

کاتێک کەسێك بێباکانە بێت و بە دامەزراوەیەکی نیشتمانیی وەک پەرلەمان کە بە خوێنی سەدان شەهید بنیات نراوە بڵێت (پەرلەمان تۆپیوە) و کاتێک هەندێک لایەن هەموو ڕۆژێك لە بەغدا بن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی دامەزراوە و قەوارەی هەرێم، ئەوە ئیرادەی پۆڵایینی کاک مەسروورە کە وەک قەڵغانێک دەیانوەستێنێت و قەوارەی هەرێم دەپارێزێت.

هەمووان لە پشت کاک مەسروورەوە دەوەستن، چونکە مانەوەی کاک مەسروور، زامنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە؛ لە بواری ئاسایشدا، هەموو تواناکانی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی خەڵك، تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و دامەزراندنی سیستمێکی ئەمنیی تۆکمە.

لە بواری حوکمڕانیدا، دیدگای دەوڵەتداریی ئەو کوردستانی خستە قۆناغێکی نوێی ئاوەدانییەوە، بە جۆرێک ڕۆژ نییە لە شار و قەزا و ناحیەکانی کوردستاندا پرۆژەیەکی ستراتیژی، ژێرخانی ئابووریی و ئاسایشی خۆراك، نەکرێتەوە. سەرەڕای گەمارۆی سیاسی و ئابووری و بڕینی بودجە و مووچە، بە ژیری و ئارامییەوە قەیرانەکانی تێپەڕاند و سەرکەوت.

کاک مەسروور لوتکەی چیایەکی سەرکەشە کە قەڵەڕەشەکان نایگەنێ و لەدوورەوە بەرانبەری دەقیڕێنن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار