پەیامی سەرۆک بارزانی تاکە دەرچەی ئومێد و چارەسەرە

دکتۆر عیرفان عەزیز
لە سەروبەندی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی جیهاندا، کوردستان لە بەردەم دەروازەی دەرفەت و مەترسیدایە، بۆیە ئەرکی هەموومانە مەترسییەکان دوور بخەینەوە و دەرفەتەکان بقۆزینەوە. پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک، ڕێگە نادات لە پێناو دەستشکاندنەوەی سیاسیدا پەنا بۆ بانگەشەی بێبنەمای دوولەتکردنی قەوارەی هەرێم ببرێت، چونکە ئەم جۆرە گوتارە ناتەندروستانە دژ بە پرەنسیپەکانی دیموکراسین، پێگەی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی لاواز دەکەن و دەرگای دەستوەردانی دەرەکی دەکەنەوە.
لە سۆنگەی ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەوە، هەر هەوڵێک کە بە ئاراستەی زیندووکردنەوەی بیرۆکەی دووئیدارەیی و لێکترازانی نێوخۆیی بنرێت، لەگەڵ قورساییی ئەو خوێن و قوربانییانەی لە پێناو ئەم کیانەدا دراون یەک ناگرێتەوە. خۆشبەختانە هۆشیاری و هەڵوێستی بەرپرسیارانەی هاووڵاتییان، بە تایبەتی خەڵکی دڵسۆزی سلێمانی، ڕێگەی لەو ئاراستە نالۆژیکییانە گرت و سەلماندی کە ئیرادەی گەل و یەکپارچەییی نیشتمان لە سەرووی هەر بانگەشەیەکی بێبنەماوەن کە زیان بە داهاتووی کوردستان بگەیەنێت.
ئەم هەڵوێستە جەماوەرییە ئەو ڕاستییەی چەسپاند کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییەکی تەسکەوەیە، چونکە ئەم قەوارە دەستوورییە تاکە هیوا و پشتیوانی هەر چوار پارچەی کوردستانە. لێرەدا ڕۆڵی مێژوویی و ستراتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک قەڵغانی پاراستن و پێشخستنی ئەم قەوارەیە بە ڕوونی دەردەکەوێت، هاوکات دیدگا و کارنامەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و ئەو خەرمانە لە کار و پڕۆژە بەرچاوانەی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا جێبەجێ کراون، بەهێزترین وەڵامی کردارین بۆ هەموو بانگەشە نەزۆکەکان، چونکە پێشخستنی ژێرخان، ئاوەدانی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان، بناغەی ڕاستەقینەی پاراستنی کیانی کوردستانن.
بۆ چەسپاندنی زیاتری ئەم دەستکەوتانەش، پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا پەلە بکرێت لە تێپەڕاندنی دەستووری کوردستان، تاکو چیتر لە بۆشاییی دەستووریدا نەمێنینەوە و بە چوارچێوەیەکی یاسایی ڕێگە لە هەر هەنگاوێک بگیرێت کە مەترسی بۆ سەر قەوارەکەمان دروست دەکات.
لە پاڵ هەنگاوە دەستووری و ئاوەدانییەکانیشدا، لە ساتی گرژییەکاندا پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی تاکە دەرچە و ئومێد و چارەسەرە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە گوتاری نالۆژیکی. ئەم پەیامە جۆش و خرۆشێکی جەماوەریی دروست کرد تا خەڵک ببنە قەڵغانی پاراستنی کوردستان. لە کاتێکدا زلهێزانی جیهان سەرقاڵی داڕشتنەوەی هاوکێشەکانن، باشترین بژاردە بۆ ئێمە یەکخستنی هێز، پەنابردن بۆ لۆژیکی گفتوگۆ و زاڵکردنی پرسی نەتەوەیییە بەسەر هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەدا، تا لەم گۆڕانکارییانەدا کوردستان بگەیەنینە کەناری ئارامی.




