پەیامى سەرۆک مەسعود بارزانى

عارف ڕوشدی
لەبەر ڕۆشنایی ڕووداوەکانى ئەم دواییەى هەرێمى کوردستان، وەکو ئەرکێکى ڕابەرایەتى و لە پێناوى هێورکردنەوە و هێنانەکایەى کەشێکى لەبارى گفتوگۆ، جەنابی سەرۆک بارزانى پەیامێکى لێوانلێوى هەستى پابەندبوونى نیشتیمانپەروەرى و بەرپرسیارەتى، ئاراستەى سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان کرد، بە تایبەتى (برایانى یەکێتیى نیشتیمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان)، بۆ ئەوەى بارودۆخى هەستیارى ناوچەکە و پێش هەموو شتێکى دیکەش بەرژەوەندیی باڵاى گەل و نیشتیمان بەهەند وەریگرن و لە زووترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەى بەرهەمدارى یەکخستنەوەى تێڕوانینەکان و پێکەوەکارکردنی بەرپرسانە ئەنجام بدەن.
پەیامەکەی جەنابیان لە کاتێکدایە، پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و مەترسیی نەمانی چەتری یاسایی هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیش ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی هەبوو، بۆیە پێویستە لە پێناوى تەواوکردنى هەنگاوەکانی دیکەی پێکهینانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و تەیارکردنی تواناکانی هاوبەشی بەرگریکاری لە سەروەریی هەرێمەکەمان بەرامبەر هەر ئالنگارییەک، بەردەوامییان هەبێت، هەروەها لە دانوستانێکی هێمنانەدا چارەسەرى پێویست بۆ ئەو پرسانەی ناکۆکییان لەسەرە، بدۆزرێتەوە.
لە کەس شاراوە نییە، جەنابی سەرۆک بارزانى لە ئاستى بەرپرسیارەتیى نەتەوایەتیی خۆیدا ماندوونەناسانە درێخى ناکات، بە تایبەتى لە کات و ساتە هەستیارەکاندا، بە هزرێکی میانڕەوی کوردستانیانە هەمیشە خوازیارى وەلانانى پرسە لاوەکییەکانە و لە خەمى بەهەندوەرگرتنى پرسە چارەنووسسازەکاندایە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هانى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانى داوە، دوور بن لە خواستى بەرتەسکى حزبی و کار بۆ خواستە بنەڕەتییەکانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بکەن، کە خۆیان لە: پاراستنى پێگەى یاسایی هەرێمى کوردستان و دابینکردنى پێداویستییەکانى ژیانێکى شایەستە و سەرفرازانە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کوردەواری، دەبیننەوە.
هیوادارین هەموو لایەنەکان، هاوشێوەى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەخۆبووردووانە لە ئاستى پەیامەکەى جەنابی (سەرۆک بارزانی)دا، هەڵوێستى ئەرینى بنوێنن و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان شاد و کامەران بکەن.




