(كۆنگره‌ی نیشتیمانی) و هه‌ڵوێستی پێشینه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان

دكتۆر عرفان عه‌زیز
دوای ئه‌و هه‌موو هه‌ڵكشان و داكشانه سیاسییه‌ی له عێراق هاتووه‌ته‌وه ئاراوه، تازه به‌تازه پێشنیازی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی نیشتیمانی له عێراق ده‌كرێت، گوایه ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دەدۆزرێتەوە، به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ی دوایی حكوومه‌تی عێراق كه ده‌بوو پێش ئه‌و بڕیارانه داوای كۆنگره‌ی نیشتیمانییان بكردبایه، كۆنگره كاتێك ده‌كرێت كه گرفته‌كان نه‌گەنه ئاستی ته‌قینه‌وه‌ی سیاسی و هه‌ڵكشانی زیاتری سیاسی، ئه‌وه‌ی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له حكوومه‌تی عێراق به‌تایبه‌ت سه‌رۆكوه‌زیران بینیمان، به‌داخه‌وه دڵه‌ڕاوكێیه‌كی سیاسیی زۆری دروست کرد، برینی بێمتمانه‌یی و نه‌بوونی لێگه‌یشتنی ته‌ندروستی كولانده‌وه، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مانی عێراق و كوتله‌ی وزاریی كورد له به‌غدا و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی كوردی له به‌غدا و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان، چه‌ند بڕیارێك به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا فه‌رز كران، كه هیچیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور مایه‌ی قبووڵكردن نین، به‌هه‌ر حاڵ بڕیارە ئه‌م هه‌فته‌یه كۆنگره‌كه له عێراق ئه‌نجام بدرێت و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی عێراق به شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه به‌شداری بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی عێراق بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕابردوو، پێش ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه چه‌ندین جار سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، هۆشداری داوه به سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی عێراق به‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لۆژیكی گفتوگۆ و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروستی سیاسی، چه‌ندین جار هاوشێوه‌ی ئه‌م كۆنگره‌یه داوا له لایه‌نه عێراقییه‌كان كراوه پابه‌ندی ده‌ستوور بن با لێكه‌وته‌ی كه‌سی و هه‌ڵچوونی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئارامیی سیاسیی وڵات دروست نەکات، به‌ڵام به‌داخه‌وه كاتێك ئه‌م پێشنیازانه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت، ناچار هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ جۆرێك له ده‌ستپێشخه‌رییەكانی سه‌رۆك، به‌ڵام له‌ژێر ناوی دیكه، پێویسته سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی عێراق ئه‌وه بزانن كه زۆر ڕێگە هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كان نه‌گەنه ئاستێك نه‌توانرێت له‌سه‌ر مێزێك چاره‌سه‌ر بكرێن و په‌نا ببرێته به‌ر دیالۆگی نیشتیمانی، ئاخر كاتێك سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان به‌تایبه‌ت سه‌رۆك بارزانی ئاماده بووه پشتیوانیی هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی عێراق بكات بۆ پرسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به كرداریش له كوردستانه‌وه داواكاریی زۆر هه‌بوون كه تێوه گلاون له گه‌نده‌ڵی و ڕاده‌ستی به‌غدا كراونه‌ته‌وه و به‌رده‌وامیش داوایان له سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه پارێزبه‌ندی بۆ هیچ كه‌سێك له كوردستان نه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بێت و كه‌س داڵده نادرێت، له‌مه زیاتر نیه‌تباشی و پشتیوانی بۆ هه‌نگاوی چاكسازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی چییه؟
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌ی بۆچی ئه‌م نیه‌تباشییه له كوردستانه‌وه هه‌بوو په‌نا برایه به‌ر ڕێكاری ناده‌ستووری به‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی مه‌ترسیدار له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه له ڕێگەی فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه ده‌رده‌چێت و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز ده‌كات بۆ سنووری كوردستان، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق باش ده‌ستووریان خوێندبێته‌وه، ئه‌وه خودی هێزی پێشمه‌رگه به‌شێكه له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ی به‌رگریی عێراق، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه دانپیانراوه ئه‌ی بۆچی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزێكی دیكه ده‌كه‌یت بۆ سنووری پێشمه‌رگه، له كاتێكدا چه‌ندین جار سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، ئاماده‌یی نیشان داوه به‌وه‌ی هه‌رچییه‌ك له‌لایه‌ن به‌غداوه وه‌ك تێبینی له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه به لێگه‌یشتن و گفتوگۆ بگه‌نه ڕێككه‌وتن، واته له كوردستانه‌وه ده‌رگای گفتوگۆ دانه‌خراوه تا په‌نا ببرێته به‌ر زمانی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز.
دیالۆگی نیشتیمانی، خۆی كاتێك ده‌كرێت كه قه‌یرانێكی سیاسی له وڵات هه‌بێت و دۆخه‌كه گه‌یشتبێته ئاستی (جامد)بوون، ئێ سه‌یره له كوردستانه‌وه ده‌یان جار سه‌رۆك بارزانی، سه‌ركردایه‌تیی عێراقی ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ڕێگەی ڕاست كامه‌یه و ڕێگەی دروستبوونی گرژییه‌كانیش كامانه‌ن، ئیتر دیالۆگ چ واتایه‌كی هه‌یه؟ به‌داخه‌وه من پێم وابوو پێش ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه ده‌بوو لایه‌نی عێراق باشتر زه‌مینه‌سازییان كردبایه بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان، ئێستاش مادام هه‌ر بڕیار دراوه بۆ ئه‌م دیالۆگه، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بڕیاریان داوه به‌شداری بكه‌ن، ئه‌م به‌شداریكردنه ئه‌م جاره واتایه‌كی زۆری هه‌یه، چونكه خه‌ڵكی كوردستان له‌پشت یه‌كده‌نگی و یه‌كده‌ستیی حزبه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ن، وه‌ڵامی خێرای پارتی و یه‌كێتی بۆ هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی عێراق و خۆپیشاندانی سه‌دان هه‌زار كه‌س له هه‌ولێر، ده‌رخه‌ری یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورده به‌رانبه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كان، ئه‌و گره‌وه شكستپێهێنرا كه ده‌یه‌ویست ناكۆكی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان بقۆزێته‌وه، ده‌بێت په‌یامی ڕوونی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م جاره بدرێته به‌غدا ئه‌گه‌ر ئه‌وان پابه‌ندن به‌ده‌ستووره‌وه، ده‌بێت به‌پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووریش مامه‌ڵه بكه‌ن، خۆیان به‌رپرسیارن له‌وه‌ی دۆخی عێراق به‌رگه‌ی تێكچوونی سیاسیی گه‌وره ده‌گرێت؟ بۆ ئه‌مه‌ش تۆپ له مه‌یدانی حكوومه‌تی عێراقە كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌قه ده‌ستوورییه‌كان و هەوڵ نەدات له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌كان مامه‌ڵه بكات.




