لە بڕینی مووچەوە تا بڕیارە سەربازییەکان

زکری مووسا
گوشارهێنان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، پرسێکی نوێ نییە. هەر لە سەردەمی مالیکییەوە هەوڵەکان بۆ پشتگوێخستنی دەستوور و نانەوەی ئاستەنگ بۆ هەرێم دەستی پێ کرد، تا گەیشتە بڕینی قوت و مووچەی خەڵکی کوردستان. لە کاتی شەڕی داعش و حەواندنەوەی دوو ملیۆن ئاوارەدا، حکوومەتی عێراقی نەک هەر هیچ هاوکارییەکی دارایی و سەربازیی پێشکەش بە هەرێم نەکرد، بەڵکوو کۆسپی بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییانەش دروست دەکرد کە هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگەیان دابین دەکرد. لە کاتێکدا هەموومان دەزانین ئەو سەردەمە نە پرسی هەناردەکردنی نەوت لە ئارادا بوو، نە ڕیفراندۆمیش ئەنجام درابوو.
لەو کاتەوە تا ئێستا، حکوومەت و دامەزراوەکانی تری عێراقی فیدڕاڵ و میلیشیاکان، بەردەوام لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، سیاسی و یاساییەوە و تەنانەت لە ڕێگەی سەدان درۆن و مووشەکەوە هەڕەشە و ئاستەنگیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە. ئەو بڕیارە سەربازییەی لە 24ـی نۆڤەمبەری 2026 بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە لە دژی هەرێم دەرچوو، قۆناغێکی نوێی گوشارەکانە. شێواز و ناوەڕۆکی خودی بڕیارەکە، بڕیارە تەفسیرییە بەپەلەکەی ڕۆژی دواتری دادگای فیدڕاڵ و هەڵمەتە میدیاییە ڕێکخراوەکەی دژ بە هەرێم، بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە ئەم هەنگاوە بەر لەوەی بڕیارێکی ئاسایی حکوومەتی فیدڕاڵ بێت بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی، بڕیارێکی تەواو سیاسییە و ئامادەكاریی پێشوەختەی بۆ كراوە و بێباکانە بنەماکانی دەستووری عێراقی نوێی خستووەتە ژێر پێیەوە. لە ڕووکەشدا ئەم بڕیارانە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتیی نەوت دەرکراون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئامانج لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بەغدا لاوازیی دامەزراوەکانی هەرێم، ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی و گوشاری ئابووریی سەر شانی هاووڵاتییانی بە هەل زانیوە؛ هاوکات چاوپۆشیی ئەمەریكا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکەشی وەک دەرفەتێکی زێڕین قۆستووەتەوە تا ئەو پرۆسەیەی لە ساڵی 2010ـەوە دەستی پێ کردووە، بە ئەنجامی بگەیەنێت.
ڕەهەندێکی تری مەترسیداری ئەم هەڵمەتە نوێیە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراقدا، بەداخەوە گوتارێکی شۆڤێنی و نکۆڵیکار لە دژی کورد، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شەقام، میدیا عێراقی و عەرەبییەکان، و لە نێو نووسەر و توێژەران و تەنانەت بەرپرسان و ڕاوێژکارانی عێراقیشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو تێڕوانینە لە بنەڕەتەوە ڕوانینێكە دژی ناسنامەی كورد. ئەگەر كێشە گەندەڵیە ئەو ڕق و كینەیە چیە دژی كورد؟ ئەگەر بابەتەکە سامانی گشتییە ئەی بۆ باس لە جیۆگرافیا و هێڵ و سنوور و پارێزگا دەكرێت؟ ئەگەر مەبەست كاركردنە بەدەستوور بۆچی پێشێلكاریی دەستووریی دەكرێت؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، عێراق لە ژێر سایەی گەندەڵی، حوکمی تایفی، باڵادەستیی میلیشیاکان و لاوازیی سەروەریدا، بەداخەوە بووەتە یەکێک لە وڵاتە هەرە هەژار و دواکەوتووەکانی جیهان. چارەنووسی سەدان ملیار دۆلار نادیارە و بەرپرسان و گرووپە سیاسی و چەکدارەکانی عێراق بە شێوەیەک نقوومی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوون کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
ڕووداوە سیاسییەکان بە خێرایی تێدەپەڕن و هەرێمی کوردستان لە وێستگەیەکی هەستیار و یەکلاکەرەوەی مێژووی خۆیدا دەژی. بارودۆخەکان هەرچەندە نالەبار بن و دەرفەتەکانیش بەرتەسک و نادیار بن، بەڵام ئەرکی سەرەکیی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە لەسەر شانی خودی کورد و هێزە سیاسییەکانیەتی. پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: کورد چۆن لە خۆی دەڕوانێت؟ ئایا ترس و هیوا و چارەنووسی خۆی بە لێدوانی ئەم و ئەو دەبەستێتەوە؟ ئایا وەک پاشکۆ خۆی دەبینێت و لە بەرانبەر شەپۆلی شۆڤێنیەتدا چۆک دادەدات؟ یان نا، خۆی بە گەلێکی سەربەست و خاوەن ماف دەزانێت کە خاوەنی دۆزێکی ڕەوای وجودی، جوگرافی، نەتەوەیی، دەستووری و سیاسییە و لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا دەستبەرداری نابێت؟
لایەنە سیاسییە کوردییەکان چۆن هەنگاو دەنێن؟ ئایا لە پرسە نەتەوەیی، ستراتیژی و نیشتمانییەکاندا یەکگوتار و یەکدەنگ دەبن، یان هەر یەکەیان بە ئاوازێک دەخوێنێت و پەرتەوازەیی و سەرگەردانی بۆ خۆیان و گەلەکەیان دەچننەوە؟ ئایا دامەزراوە نیشتمانییەکانیان پتەو و کارا دەکەن، یان پشتگوێیان دەخەن و بێناوەڕۆکیان دەکەن؟ ئایا لە بەغدا بە زمانی دەستوور دەدوێن و پێداگری لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکەن، یان دەبنە بەشێک لەو مەکینەیەی کە کار بۆ شکاندن و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەکات؟
بێگومان لایەنە سەرەکییەکانی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هێندە ئەزموونیان هەیە کە بتوانن قەیرانێکی ئاوا ئاڵۆز و مەترسیدار تێپەڕێنن. یەكدەنگ بن و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەك ببینن. لەگەڵ بەغدا بە زمانی دەستوور بدوێن، دەیان ماددەی ڕوونی دەستووری هەن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە پێشێل کراون؛ وەک ماددەی 140 و ئەو ماددانەی دان بە مافەکانی هەرێمی کوردستاندا دەنێن، پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، دادگای دەستووری، قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون، هەروەها کارکردن بۆ ئەوەی عێراق لە دەستوەردان و ئیملای دەرەکی ڕزگاری بێت و سەروەریی بۆ بگەڕێتەوە. هەموو ئەمانە تەنیا لە سایەی یەکگوتاریی هێزە کوردستانییەکان، و لە هەمانكاتدا بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێم و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورددا بەدی دێن. دونیا بە كۆتایی نەگەیشتووە، ئەم گوشارانە دەكرێ دەرفەتی زۆر گەورە بن بۆ بەهێزكردنەوەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و پشتبەستنی كورد بە كورد. هەروەك سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریمان دەكات كە دەبێ كورد پشت بە خۆی ببەستێت. سەیری مێژوو بكەن زۆر لە نەتەوەكان لەنێو دۆزەخدا توانیوانە ژیان و ئازادی بۆ خۆیان دابین بكەن و مێژوو و سەربەرزی تۆمار بكەن.




