کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوودایە

هۆشیاری سیوەیلی
پشتگیری و هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێـم و گەلی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە فاکتەری سەرەکی مانەوە و پێشکەوتنی هەرێمەکە بووە. گەر بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی دژە فڕینی ساڵی ١٩٩١ نەبوایە، ڕەنگە زۆرینەی گەلی کوردستانی ئەم بەشەی کوردستان وەک فەلەستینییەکان لە کامپەکانی ئاوارەییدا هەموو ژیانیان بەسەربردایە. هەر پشتگیری نێودەوڵەتی بوو بووە هۆی جیاکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک بە پێی بڕیاری ٩٨٦ نەتەوە یەکگرتوەکان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا و توانی باری ئابووری هەرێمی کەمێک ببوژێنێتەوە. هەر دەسپێشخەرییەکەی مادلین ئۆلبرایت بوو کۆتایی بە شەڕی خۆکوژی هێناو هاوکار بوو بۆ یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی و پێکهێنانی حکوومەتی یەکگرتوو لە ساڵی ٢٠٠٦ دا. هەموومان ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیمان لە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بینی بۆ تێکشکاندنی تێرۆریستانی داعش. ئێستا و لە داهاتووشدا هەرێمی کوردستان پێویستی بەو هاوکاری و پشتگیرییە نێودەوڵەتییە هەیە و بە بێ بوونیان کۆسپی گەورە دێتە بەردەم بوونی سیستەمی فیدراڵی و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان. ناکۆکی و ناتەبایی و هەوڵدان بۆ لەتکردنی هەرێم و دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی تاڵ هیچ پاساو و بنەمایەک ناهێڵێت بۆ ئەو لاو ناوەند و کەسایەتییە نێودەوڵەتییانە کە لە کات و قۆناخە جیاوازەکاندا هاوکار و هاودەنگی گەلی کوردستان بوون.
ئەوان هەمیشە یەکگرتوویی لایەنەکان و پاراستنی یەک قەوارەیی هەرێمیان وەک مەرجی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوکارییەکانیان داناوە. لۆجیکەکەی ئەوان زۆر ڕوونە، ناکۆکی و پەرتەوازەیی هەڕەشە لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و ئابووری هەرێمی کوردستان دەکات دەرفەت دەداتە داعش و هاوفیکرەکانی پلان و پیلانی تێکدەرانەیان جێبەجێ بکەن و کەش و زەمینەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری ناهێڵێت و بیانوو دەداتە ئەوانەی دژی هەرێمن لە بەغدا و دەرەوە بەرەبەرە پێگە و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و نەشیانهێڵن.
لە ڕۆژی چوارشەمەی ١١ تشرینی دوەمدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی (دەسپێشخەری عێراق) لە پەیمانگای چاتام هاوس لە لەندەن، لە پەناڵێکدا دەربارەی هەرێمی کوردستان، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق جەختی کردەوە کە یەکڕیزی و تەبایی سیاسی نێوان لایەن کوردییەکانی هەرێمی کوردستان تاکە ئەولەویەتی واشنتۆنە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا.
لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات، داوای یەکێتی و تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات و پاراستنی قەوارەی هەرێم بە مەرجی بەردەوامی پەیوەندییەکان دادەنێن.
پیتەر گالبرەیس، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا، کە زیاتر لە چوار دەیەیە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کورد هەیە، بە گۆڤاری (فۆرن پۆڵیسی) ڕاگەیاندووە، (دروستکردنەوەی دوو ئیدارەیی، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەبوو، هەموو ئەو دەستکەوتانە لەناودەبات کە لەلایەن کوردەوە تا ئەمڕۆ بەدەستهاتوون.) گالبرەیس وتیشی، "لە ناکۆکییە توندە حزبییەکان تێدەگەم لە ئەمریکاشدا بوونیان هەیە، بەڵام جێگەی داخە کاتێک سیاسەتمەداران ڕێگە دەدەن ئەم ناکۆکییانە ببنە هەڕەشە لەسەر خودی مانەوەی کوردستان.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڤلادیمیر ڤان ویڵگنبێرگ لە وتارێکیدا بۆ(فوریەن پۆلیسی) دەنووسێت (ئەگەر دابەشبوونەکە قووڵتر ببێتەوە، دەکرێت زیان بەو قەوارە سەربەخۆیەی (ئۆتۆنۆمییەی) هەرێمی کوردستانی عێراق بگەیەنێت کە بە سەختی بەدەستهاتووە، هەڕەشە لە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بکات، و کێشەی نوێ بۆ هاووڵاتیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دروست بکات.) لە هەولێر زیاتر لە ٣٥ دەوڵەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتییان هەیە، هەر هەموویان تکاو ڕجا لە لایەنەکان دەکەن لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا پێکبێن و حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنن و هەوڵەکانی لەتکردنی کوردستان بکەنە تابۆیەکی سیاسی و لە قامووسی سیاسی لایەنەکاندا نەهێڵرێت.
لە سەر ئاستی ناوخۆش بەشێکی هەرەزۆری سەرکردە سیاسییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دوو ئیدارەیی بە خۆکوژی سیاسی دەزانن، هەروەک سەرۆکی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکیدا وتی (دوو ئیدارەیی دەبێتە سفر ئیدارەیی). زانای دیاری کوردستان پرۆفیسۆر فریا فازل عومەر لەمەڕ هەوڵەکانی هەندێک کەس و لایەن لە سلێمانی بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە وتی (دابڕان ئاگرێکە جەستەی کورد دەسووتێنێت). هەر کەسێک کە زەڕەیەک خەمی نیشتیمان و نەتەوەی لە مێشکدا بێت و دژی هەر بیرکردنەوە و هەنگاوێکە هەڕەشە لە یەکگرتویی و کوردستانیان و خاکەکەی بکات. دەبوایە ئەو هەڵمەتەی هەندێک لایەن سەرپەرشتی دەکەن بۆ لەتکردنی هەرێمی کوردستان بۆ گێرانەوەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو باوەشی هەرێم بكرایا.




