ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەنگۆی ھەندێک دەزگای ڕاگەیاندن سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی فالح فەییاز لە ھەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ھەموو لایەک ھاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
دوێنێ شەممە، لە سەردانی بەڕێز فالح فەییاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدارو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێزان سەرۆکی ھەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەت کاک مەسروور بارزانی، گفتوگۆیان لەبارەی گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرد بەتایبەتی بودجە و نەوت و دەروازە سنوورییەکان.
بەڵام لە ھەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دەنگۆی ناڕاست و ھەڵبەستراویان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە کە ھیچ بنەمایەکیان نییە و دوورە لە ڕاستی.
بە پێچەوانەوە، ھەموو لایەک ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بە گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتنی ھاوبەش و لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/١١/٢٢




