٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

جنێڤ.. پانێڵێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جینۆساید بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

جنێڤ-KDP.info- بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە پەراوێزی کارەکانی ١٩یەمین کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کەمینەکان لە شاری جنێڤی سویسرا، (کەی جی لۆبی سەنتەر) پانێڵێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەهێزکردنی پشتیوانیی جیهانی بۆ مافەکانی کورد، لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جینۆساید و پاراستنی ناسنامەی کوردی لە هەرێمی کوردستان ڕێک بخات.

چالاکییەکە لەژێر ناونیشانی (لە پاراستنەوە بۆ هاوبەشی، بەهێزکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد، لێپرسینەوە لە جینۆساید و پاراستنی ناسنامەی کوردی لە هەرێمی کوردستان) ساز دەکرێت و کاتژمێر ٩:٠٠ تا ١٠:٠٠ی بەیانی لە کۆشکی نەتەوەکان لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت.

پانێڵەکە لەلایەن ئاورنگ شاوەیس، بەرپرسی (کەی جی لۆبی سەنتەر) بەڕێوە دەبرێت و حەوت کەسایەتی، توێژەر و نوێنەری ڕێکخراوە کوردستانی و نێودەوڵەتییەکان تێیدا قسە دەکەن و لە کاتی گفتوگۆکانی ناو هۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا سەرجەم ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە وتاریان دەبێت.

لیستی پانێڵیستەکان پێکدێت لە هەریەک لە، شیرین جندی زەکی، نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان، شوعلە حەبیب ڕەسووڵ، نوێنەری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، د. محەمەد ئیحسان و یەڵدا ڕەفعەت لە (کەی جی لۆبی سەنتەر)، نەوە (نوح) هەوخندۆرن، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوە و دەوڵەتەکان، د. زانا محەمەد عەبدولکەریم لە پەیمانگەی جنێڤ بۆ پێکەوەژیان و د. بابان ئەلیاسی وەک توێژەری سەربەخۆ.

١٩یەمین کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کەمینەکان لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە کۆشکی نەتەوەکان لە شاری جنێڤ و بە دروشمی (پێشخستنی مافەکانی کەمینەکان لە ڕێگەی دەستپێشخەری و هاوکارییە هەرێمییەکانەوە) بەڕێوە دەچێت. لەم کۆڕبەندە ساڵانەیەدا نوێنەری دەوڵەتانی ئەندام، دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە هەرێمییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕان کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کردەیی بە مەبەستی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، بەهێزکردنی میکانیزمەکانی چاودێری و لێپرسینەوەی یاسایی و مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای کەمینەکان لە بڕیارداندا.

جێی ئاماژەیە، (کەی جی لۆبی سەنتەر) کە لەلایەن ئاورنگ شاوەیسەوە دامەزراوە، لە ساڵانی ڕابردوودا لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ئەورووپییەکاندا کاری بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە گەلی کورد، سزادانی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان کردووە. ئامانجی سەرەکیی ڕێکخستنی ئەم پانێڵەش گواستنەوەی دۆزی کوردە لە چوارچێوەی تەنیا پاراستنی مرۆیییەوە بەرەو هاوبەشییەکی یاسایی و سیاسیی کاراتر لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوەکو لە ڕێگەی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پارێزگاری لە ناسنامە و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت و دۆسیەی تاوانەکانی جینۆساید بە زیندوویی بهێڵرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار