نووسەران بۆ KDP.info: کاروانی ئاوەدانیی کابینەی نۆیەم وەفادارییەکی ڕاستەقینەیە بۆ خوێنی شەهیدان

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەک لە نووسەرانی کوردستان لە لێدوانیاندا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە قەڵغانی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بووە، هاوکات پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاوەدانی و ژینگەپارێزیی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، وەرچەرخانێکی مێژووییان هێناوەتە ئاراوە و سەرجەم نەیارانی کوردستانیان حەپەساندووە.
عەبدولستار ئەحمەد، نووسەر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە سەوزکردنی کوردستان و پاراستنی ژینگە یەکێکە لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و گوتی، "دیدگەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە پرۆسەی سەوزکردنی کوردستان، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و پشتێنەی سەوزایی، هەڵقووڵاوی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و تێگەیشتنێکی قووڵە لە مەبەستەکانی شەریعەتی ئیسلام بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی و پاراستنی ژیان و تەندروستیی نەوەکانی داهاتوو."
لای خۆیەوە، دڵشاد مەولوود، نووسەر، بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی پیرۆز و قەرزێکی مێژووییە لە ئەستۆی هەمووماندا، پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک هێزی پێشەنگ، هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئەم کیانە و یەکڕیزیی نیشتمانی بووە."
مەولوود جەختی لەوەش کردەوە کە بەرگریکردن لە نیشتمان تەنیا لە سەنگەرەکاندا نییە، بەڵکوو کاروانی ئاوەدانکردنەوە، پاراستنی ژینگە و سامانی گشتی کە حکوومەتی هەرێم پێشەنگایەتیی دەکات، بەهێزترین قەڵای مانەوە و سەرفرازیی کوردستان و وەفادارییەکی ڕاستەقینەیە بەرانبەر بە خوێنی شەهیدان.
هەر لەم بارەیەوە، مەیسەر نهێلی، نووسەر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "ستراتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە پێناو ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، سەرجەم نەیارانی حەپەساندووە، مێژوو خۆی شاهیدە لەسەر سەرجەم ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە مەزنانەی کە لەسەر دەستی پارتی و حکوومەتی هەرێم بۆ خەڵکی کوردستان بەدی هاتوون."




