٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

لقی پێنجی پارتی سیمینارێکی دەربارەی ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب) ساز کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیمینارێکی ڕۆشنبیریی لەژێر ناونیشانی (ئەی ڕەقیب و ئاڵای کوردستان، چیرۆکی نیشتمانێک لە سروود و ئاڵایەکدا) بۆ فەرهاد زەنگەنە، کارگێڕی بەشی پەیوەندییەکان ڕێک خست.

سیمینارەکە لە هۆڵی شەهید لەیلا قاسم و بە ئامادەبوونی ئازاد حەمید شەفی، بەرپرسی لقی پێنج، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک لە کادیرانی پێشکەوتوو و بەرپرسی لیژنە ناوچەییەکان بەڕێوەچوو.

سەرەتای سیمینارەکە بە وەستان بە خولەکێک بێدەنگی وەک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد دەستی پێکرد.

لە میانی سیمینارەکەدا، هەڤاڵ فەرهاد زەنگەنە تیشکی خستە سەر چەندین تەوەری مێژوویی و ڕۆشنبیری، بەتایبەتی مێژووی ئاڵای کوردستان، واتا و هێمای ڕەنگەکانی و ڕۆڵی وەک سیمبولێکی نەتەوەیی کە گوزارشت لە ناسنامە، مێژوو و یادەوەریی گەلی کوردستان دەکات.

لە تەوەرێکی دیکەدا، باس لە مێژووی سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب)، هەلومەرجی نووسینی و ژیاننامەی شاعیری نەتەوەیی (دڵدار) کرا، هاوکات مانا و ناوەڕۆکی کۆپلەکانی سروودەکە شی کرانەوە و وەرگێڕانە عەرەبییەکەشی خرایە ڕوو، تاوەکو ئامادەبووان بە قووڵی ئاشنای ناوەڕۆکە نیشتمانی و ئەدەبییەکەی ببن.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا جەخت لەسەر پێگەی بەرزی ئاڵا و سروودی نیشتمانی وەک دوو سیمبولی سەرەکیی ناسنامەی کوردستانی و پەیوەندیی پتەویان بە مێژوو، کلتوور و هەستی نەتەوەیییەوە کرایەوە.

سیمینارەکە بە چەپڵەڕێزان وەک ڕێز و شکۆمەندییەک بۆ ئاڵای پیرۆزی کوردستان کۆتایی هات، کە تێیدا ئامادەبووان شانازی و پابەندبوونی خۆیان بەم هێما نەتەوەیییە دووپات کردەوە.