٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

ئەکادیمییان بۆ KDP.info: ئەگەر بە چاوی ئینسافەوە سەیر بکرێت مەسروور بارزانی کاری گەورەی ئەنجام

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- پڕۆفیسۆر و ئەکادیمییانی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سیاسیی ڕەسەن، هەمیشە قوربانیی داوە لە پێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستاندا، هاوکات سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی سەرباری قووڵیی قەیرانەکان، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە پڕۆژە ستراتیژییەکانی جێبەجێ کردووە.

پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم عەلی موراد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و لە نێوەندی چەقبەستوویی سیاسی و دۆخێکی نائومێدیدا، پارتی بە هاوکاریی دۆستانی و لە ڕێگەی نوێنەرانی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان، توانیویەتی دۆخە ئاڵۆز و نەخوازراوەکە بڕەوێنێتەوە، دۆخێک کە لە ڕووی یاسایی و مامەڵەی نێودەوڵەتییەوە تەنانەت لە کونسوڵخانە و سەفارەتەکانیشدا هەستی پێ دەکرا. گرنگترین دەستکەوت لەو قۆناغەدا ئەوە بووە کە کەمترین زیان بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت، بەمەش قەوارەی هەرێم لە مەترسی پارێزرا و ڕێگری لە دروستبوونەوەی چەقبەستوویی سیاسی، ئیداری و یاسایی کرا."

سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، د. ئیبراهیم عەلی موراد ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر بە چاوی ئینساف و دوور لە لایەنگری سەیر بکرێت، بەڕێزیان لە نێو بۆشایییەکی گەورەی دارایی و قەیرانێکی قووڵدا، بەرپرسیارێتییەکی قورسی هەڵگرتووە و کاری گەورەی ئەنجام داوە و گوتی، "سەرۆکی حکوومەت توانیویەتی هاوسەنگی ڕابگرێت و هەرێمی کوردستان بەرەو پێش ببات، هاوکات لەو پڕۆژانەدا کە بۆ ماوەیەکی زۆر وەستابوون یان بە سستی بەڕێوە دەچوون، بڕیاری بوێرانەی داوە و هەنگاوی جددی بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنیان ناوە، ئەمەش تەنیا بە سەرکردەیەکی بەهێز دەکرێت."

لای خۆیەوە، چرا شەماڵ، ئەکادیمیست و پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "مێژووی هاوچەرخی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە قەڵخانی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و هێزی سەرەکیی بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیییەکان بووە."

چرا شەماڵ ڕوونیشی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک سەرکردەی قۆناغە سەختەکان و پیاوی دەوڵەتمەدار، بە دیدگایەکی زانستییانە و ستراتیژی وەرچەرخانێکی مێژوویی لە حکوومڕانیدا هێناوەتە ئاراوە و گوتی، "تێپەڕاندنی قەیرانە دارایی و سیاسییەکان، چاکسازیی ڕیشەیی، دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە مەزنەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز، خەرمانێکی بێوێنەیان لە کار و دەستکەوت دروست کردووە، ئەم هەنگاوە کردارییانەش بەهێزترین بەڵگەن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو بانگەشە نەرێنییەکان و سەلماندنی ئیرادەی دەوڵەتداریی تۆکمە."

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار