٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP.info: هاتنەپێشەوەی ئافرەتان لەناو هێزەکانی پۆلیسدا، کۆڵەکەیەکی گرنگی نوێبوونەوەی دامەزراوەکانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ستراتیژی نوێی چاکسازی و نوێکردنەوەی هێزەکانی پۆلیسدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەنگاوی نوێ و مێژوویی دەنێت، دانانی ئەفسەرێکی ئافرەتیش وەک بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی کەسنەزان، بووەتە پێشەنگی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی پایتەخت.

عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆسەی چاکسازی، دیدگایەکی نوێی بۆ پێگەی ئافرەت هێناوەتە ئاراوە، لە داهاتوودا ڕۆڵی ئافرەتان لەناو هێزەکانی پۆلیسدا تەنیا لە کارە کارگێڕییە لاوەکییەکاندا قەتیس نامێنێت، بەڵکوو دەبنە بەشێکی سەرەکی لە ناوەندی بڕیار و سەرکردایەتیکردنی مەیدانی، ئامانجیشمان ئەوەیە هاووڵاتییان لەناو بنکەکانی پۆلیسدا هەست بە نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بکەن.

پەیوەست بەوەی کە تا چەند دەرفەتی زیاتر بۆ هێنانەپێشەوەی ئافرەتان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان دەڕەخسێندرێت؟ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێ، بەپێی پلانە ستراتیژییەکەمان، دەرگای خولەکانی سەرکردایەتی، بەڕێوەبردن و لێهاتووییە سەردەمییەکان بە ڕووی ئەفسەران و کارمەندانی ئافرەتدا کراوەتەوە، هەر ئافرەتێک توانا و لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێت، بەبێ هیچ جیاوازییەک دەرفەتی یەکسانی پێدەدرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا و هەستیار.

لەبارەی پرۆسەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستانیش، کە چەند قۆناغی بڕیوە و بە چەند قۆناغیش جێبەجێ دەکرێت؟ عەمید کامل ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەم پرۆسەیە وەک ستراتیژێکی پێنج ساڵە (٢٠٢٥ - ٢٠٣٠) داڕێژراوە، پڕۆسەکە قۆناغی یەکەمی (پلاندانان و داڕشتنی تیۆری) بە سەرکەوتوویی بڕیوە و ئێستا لە قۆناغی دووەمداین، کە قۆناغی جێبەجێکردنی کردارییە، لەم قۆناغەدا سەدان ئەفسەر ڕاهێنراون و شێوازی کارکردن لە بنکە نموونەییەکانی پۆلیسدا بەرەو سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و سەردەمیانە دەگۆڕدرێت.

بەرزنجی هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە مێژووی کوردستان و عێراقدا یەکەم جارە ئافرەتێک ببێتە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی کەسنەزان لە هەولێر، ئەم بڕیارە دەرەنجامی باوەڕبوونمان بوو بە توانای ئافرەتی کورد و جێبەجێکردنی کرداریی پرۆسەی چاکسازی، بنکەی پۆلیسی کەسنەزان یەکێکە لە بنکە گرنگ و قەرەباڵغەکان، ویستمان ئەو تێڕوانینە کلاسیکییە بشکێنین و بیسەلمێنین کە ئافرەتان دەتوانن بە لێهاتوویی و دیسپلینێکی بەرزەوە سەرکردایەتیی گەورەترین بنکەکانی پۆلیس بکەن و متمانەی زیاتری هاووڵاتیان بەدەست بهێنن.

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار