٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

نووسەران و یاساناسان بۆ KDP.info: مەسروور بارزانی کار لەسەر دانانی بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتووی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ​لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاری گەشەسەندن و بنیاتناندا تێدەپەڕێت، پارتی دیموکراتی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، بە پلانێکی تۆکمە و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەردەوامن لە پاراستن و پێشخستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم. لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە بێبنەمایانەی دژ بە پڕۆژەی ئاوەدانی و چاکسازی بەڕێوە دەچن، ژمارەیەک لە نووسەران و یاساناسانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە لێدوانی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارنامە و دەستکەوتە کردارییەکانی سەرۆکوەزیران باشترین وەڵامن بۆ نەیارانی پێشکەوتن.

لەوبارەیەوە ڕەهێڵ جاف، نووسەر لە دەڤەری گەرمیان، پێی وایە هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەت ئاراستەیەکی ڕوونن بەرەو ئایندەیەکی گەشاوە و دەڵێت، "ئەوانەی وەک ئامراز بەکاردێن بۆ کەمکردنەوەی بەها و دەستکەوتەکانی ئەم سەرکردەیە، دەبێت بزانن کە خزمەتکردن بە کردار دەسەلمێنرێت نەک بە قسە. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ڕێگەی پێشکەوتن بە هەوڵ و ئیرادە درێژەی هەیە و هیچ بەرەنگارییەکی ناڕەوا نابێتە هۆی وەستانی کاروانی ئاوەدانی، چونکە مێژوو تەنیا بە ئەنجامە بەرجەستەکان دەنووسرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، فەیسەڵ فاخیر، پارێزەر لە شاری هەولێر، تیشک دەخاتە سەر باوەڕی نەگۆڕی مەسروور بارزانی بە پلان و داهێنانەکانی حوکمڕانی و ئاماژە بەوە دەکات، "سەرۆکی حکوومەت بە هێزێکی پتەوەوە کاری لەسەر دروستکردنی ژێرخانی سێکتەرە جیاوازەکان کردووە. بە بڕوای ئەو پارێزەرە، سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستە دروستکراوانەی خراونەتە سەر ڕێگەی بنیاتنان، هەنگاوەکانی حکوومەت بە زاڵبوون بەسەر سەختییەکاندا بەرەو گەشەسەندنی زیاتر بەردەوامن.

​هەر لەم چوارچێوەیەدا، عادل خەزنەیی، مەسروور بارزانی بە ئەندازیاری سەقامگیری و خاوەن تێڕوانینی ستراتیژی وەسف دەکات و دەڵێت، "بەڕێزیان لە بری مامەڵەکردنی کاتی لەگەڵ قەیرانەکان، کار لەسەر دانانی بناغەیەکی پتەو و درێژخایەن دەکات بۆ داهاتووی کوردستان. خەزنەیی ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرۆکوەزیران خاوەنی عەقڵییەتێکی دامەزراوەیی و مۆدێرنە بۆ گواستنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردن بەرەو حوکمڕانییەکی دیجیتاڵی و شەفاف، و لە بەرامبەر ئاڵنگارییە ئابووری و سیاسییەکاندا پاشەکشە ناکات و هەمیشە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە.

​ئەم دیدگا و شایەتییە بابەتییانە دەریدەخەن کە کاروانی خزمەتگوزاریی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ستراتیجێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە هەنگاو دەنێت و بە کردار و پڕۆژە ستراتیژییەکان وەڵامی هەموو بانگەشە بێبنەما و دژبەرەکانی پرەنسیپە دیموکراسییەکان دەداتەوە.