شیرین فوئاد مەعسووم بۆ KDP.info: ئەرکە قورسەکە لەسەر شانی (پارتی)یە و لێکنەترازانی ناو ماڵی کورد ئامانجیەتی

هەولێر-KDP.info- د. شیرین فوئاد مەعسووم، کەسایەتیی دیاری سیاسیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info ڕایگەیاند، مۆری نەتەوەیی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە و پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد ئامانجی سەرەکیی ئەو حزبەیە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە کاروانی ئاوەدانی و گەشانەوە بە سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ناوەستێت.
د. شیرین فوئاد مەعسووم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "ئەوەی باسی کورد، یەکبوون، ئاڵای کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێم بکات پارتییە، بەمەش مۆری نەتەوەیی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە و ئەرکە قورسەکەش هەر دەچێتە سەر شانی ئەو حزبە کە یەکپارچەییی کوردستان و لێکنەترازانی ناو ماڵی کورد ئامانجیەتی."
ناوبراو تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی پارتی و ڕوونی کردەوە، "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبینین لە دوای ڕووخاندنی کۆماری کوردستان پارتی تاکە حزب بووە لە ناوچەکەدا بە نوێنەرایەتیی کورد دەستی بە چالاکی و خەباتی سیاسی کردووە، هەروەها لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووشدا هەر پارتی ڕۆڵی ئەوەی بینیوە دان بە خۆیدا بگرێت و لە پێناو تێکنەچوونی ناو ماڵی کورد و پاراستنی قەوارەی هەرێمدا قوربانیی زۆر بدات و ئارامی و سەقامگیریی کوردستان بپارێزێت."
سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لە خزمەت و ئاوەدان کردنەوەی کوردستاندا ئەو کەسایەتییە سیاسییە جەختی کردەوە، "دەبێت هەموو لایەنەکان دڵخۆش بن کە کوردستان خاوەنی سەرکردەیەکی وەک کاک مەسروورە و خەبات دەکات لە پێناو ئاوەدانی و گەشانەوەی زیاتری کوردستاندا. داری بەردار هەمیشە بەردی تێدەگیرێت و سەرکردە خزمەتویستەکان ئامانجی نەیارانن، بەڵام کاروانی شۆڕشی وەبەرهێنان، گەشانەوە، سەقامگیری و جووڵەی ئابووریی کوردستان ناوەستێت و بە سەرکردایەتیی ڕێزدار مەسروور بارزانی بەردەوام دەبێت."
لە کۆتاییی لێدوانەکەشیدا د. شیرین فوئاد مەعسووم دووپاتی کردەوە، "ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەبینرێت، شەپۆلێکی جەماوەرییە دژی ئەوانەی دەیانەوێت خاکمان لەت بکەن، هاوکات هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ ڕۆڵ و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی زیاتر پەرەی سەندووە. ئەمەش نیشانەی هەڵوێست و کردارەکانی پارتییە کە پردی سۆز و پێکەوەژیان دروست دەکات، مۆدێلێک بۆ میانڕەوی دادەنێت، هاوکات ئەوەش دەردەخات کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسروور دەوڵەتمەدارێکی ڕاستەقینەیە و بە هەستێکی بەرپرسیارێتی و دادپەروەرییەوە مامەڵە دەکات، بە جۆرێک کردەوەکانی وەک پەیامی یەکڕیزی و ئاشتی خزمەت دەکەن."
بڵند ئیبراهیم




