ئاوەدانی و چاکسازی کوردستان ڕێگایەکی نەگۆڕە و بەرەو لووتکە هەنگاو دەنێت

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان لە لێدوانیاندا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ستراتیژیی نەگۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و جێبەجێکردنی کارنامەی ئاوەدانی و چاکسازیی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانی لەبەرانبەر سەرجەم پیلان و فشارەکاندا پاراستووە و کوردستانی بەرەو قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن بردووە.
دڵشاد هەرکی، نووسەر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە مێژووی خەبات و حوکمڕانیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە هێزی بەرپرسیار و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە بووە، ئەو کاروانی ئاوەدانی و چاکسازییەش کە لە چوارچێوەی بەرنامەی پارتیدا بە سەرکردایەتی و دیدگا ڕۆشنەکەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بەڕێوە دەچێت، تەنیا کۆمەڵێک پڕۆژە نین، بەڵکوو باوەڕێکی قووڵ و پابەندبوونێکی مێژووییە بە بنیادنانی داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر بۆ نیشتمان."
هەرکی ئاماژەی بەوەش دا کە کاتێک حزبێکی خاوەن جەماوەر و مێژووی وەک پارتی پشتیوانی ئیرادەی چاکسازی بێت و سەرکردەیەکی بوێر لە پێشەنگدا بێت، هیچ زریان و بەربەستێک ناتوانێت گۆڕەپانی کار، پاراستنی کیان و خزمەتگوزاری ڕابگرێت.
لای خۆیەوە، دلێر محەمەد، نووسەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "هیچ هێز و پیلانێک ناتوانێت کاروانی خەباتی نیشتمانی و پڕۆژەی ئاوەدانی و چاکسازیی پارتی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕابگرێت، چونکە ئەم کاروانە لەسەر بنەمای خۆشەویستیی خاک، بڕوابەخۆبوون و ئیرادەیەکی پۆڵایین بنیاد نراوە کە تاک بە تاکی هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەر پشتیوانیی لێ دەکەن."
ناوبراو جەختی کردەوە کە یەکگرتوویی بڕیاری سیاسیی پارتی و جێبەجێکردنی بەرنامە حکوومییەکان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی ئاوەدانی ڕێگەیەکی نەگۆڕن و بەرەو لووتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێن.
هەر لەم بارەیەوە، عزەت جەعفەر سادق، نووسەر، بۆ KDP.info گوتی، "تێگەیشتنی قووڵی مەسروور بارزانی بۆ پێشخستنی کوردستان، چاونەترسییەکەی لە بڕیاردان و خۆڕاگریی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرانبەر فشارە سیاسی و ئابوورییەکان، هەرێمی کوردستانی بە بەهێزی هێشتووەتەوە و سەرجەم پیلانی نەیارانی بۆ لاوازکردن و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم پووچەڵ کردووەتەوە."
عزەت جەعفەر تیشکی خستە سەر پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم، وەک پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر، دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، پشتێنەی سەوزایی و کەمکردنەوەی دووکەڵی مۆلیدە، پڕۆژەی گەشتیاریی دەربەندی گۆمەسپان، ڕێگەی هەولێر-کۆیە، ماستەرپلانی شارەکان و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و گوتی، "ئەم پڕۆژە مۆدێرن و ستراتیژییانە کە بەرهەمی خەمخۆریی پارتی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانین، ئاسایش، ژینگە و ژێرخانی کوردستانیان سەلامەت و جێگیر کردووە و خەڵکی کوردستان بەم کاروانە دڵخۆشن."




