پارێزگار: زۆرینەی داواکارییەکانی خەڵکی دهۆک لەلایەن (مەسروور بارزانی)یەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە داواکاری و پێشنیازەکانی هاووڵاتییانی دهۆک لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا بڕیاریان لێ دراوە و جێبەجێ کراون، جەختیشی کردەوە کە بەم نزیکانە هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە درێژخایەنەکانیش لە سنووری سەرجەم قەزاکاندا دەنرێت.
دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە میانی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دهۆک و کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکە، کۆمەڵێک پێشنیاز و داواکاری خرانە ڕوو. ئەو داواکارییانەی ئیداری بوون، دەستبەجێ و لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا بڕیاریان لێ درا و چارەسەر کران، سەبارەت بە هەندێک داواکاری و گلەیی لەسەر پڕۆژەکانیش، بەپەلە لیژنە پێک هێنرا و چەندین کۆبوونەوە کران، زۆر بڕیاری بەپەلە دەرچوون و نووسراوەکانیان بە ئێمە گەیشتووە، کە بەشێکیان جێبەجێ کراون و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان."
پارێزگاری دهۆک گوتیشی، "ئەو داواکارییانەی ماونەتەوە و ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، بە دڵنیاییەوە لەم ڕۆژانەدا لە سنووری هەر قەزایەک دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت. ئەم داواکارییانە دوو بەشن، بەشێکیان پڕۆژەی درێژخایەنن کە خەڵک داوای کردوون و پێویستیان بە کات و ساڵ هەیە تا تەواو دەبن، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی سنووری هەر قەزایەک دەکەین و هەنگاوی کرداری دەنێین بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، ئەوانی دیکەش دەستبەجێ جێبەجێ کراون."
بڵند ئیبراهیم




