١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

ڕێزان حەمە ساڵح بۆ KDP.info: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان کوردستانی وەک مەشخەڵی پێکەوەژیان ناساند

سەرچاوە: KDP.info

ئیتاڵیا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، وێڕای تیشکخستنە سەر ڕەهەندە مەعنەوی و دیپلۆماسییەکانی سەردانە مێژووییەکەی ساڵی ٢٠٠٥ـی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دیدارە وەک دانپێدانانێکی ڕۆحی و سیاسی بە پێگەی کورد، بووە بەردی بناغەی دیپلۆماسییەکی نوێی مرۆیی و کلتووری، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر، ڕۆما و ڤاتیکان مێژوویەکی ڕەگداریان لەسەر بنەمای متمانە و پێکەوەژیان بنیاد ناوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، باسی لە بایەخی یەکەمین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان کرد و ڕایگەیاند، "سەردانە مێژووییەکەی ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥، کە تێیدا بۆ یەکەمجار و، بە یاوەریی یەکەمین شاندی فەرمی و بەشداریی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێم، لەگەڵ قەداستی پاپا بێنێدیکتی شانزدەیەم کۆبووەوە، یەکێک بوو لە وێستگە هەرە گرنگ و چارەنووسسازەکانی مێژووی دیپلۆماسیی نوێی کوردستان.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا، ئەم دیدارە دانپێدانانێکی گەورەی مەعنەوی، سیاسی و ڕوحی بوو بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کوردستان، هاوکات پەیامێکی ستراتیژیی ڕوون بوو بۆ جیهان کە بنەمای پەیوەندییەکانی کوردستان لەسەر پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە سەرجەم ئایین و پێکهاتەکان بنیادنراوە.

سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئەو سەردەمە، ڕێزان حەمە ساڵح ڕوونی کردەوە، "گرنگیی ئەم سەردانە لەوەدایە کە لە قۆناغێکی هەستیاردا و لە دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣، کاتێک هەرێمی کوردستان خەریکی دامەزراندنی دامەزراوە فەرمییەکانی و پتەوکردنی پێگەی خۆی بوو، سەرۆک بارزانی بە دیدگایەکی دووربینانە دەروازەیەکی گرنگی بەرەو ڤاتیکان کردەوە. ئەم هەنگاوە، دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستانی بەرەو دیپلۆماسیی مرۆیی، ئایینی و کلتووری فراوانتر کرد. هەر لەسەر دەستی جەنابیشیان بنەمای پەیوەندییەکی پتەو دانرا و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا کرایەوە، کە دواتر بووە بەشێکی کارا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

نوێنەری حکوومەت لە ئیتاڵیا جەختی لەوەش کردەوە کە ڤاتیکان وەک دەنگێکی کاریگەری نێودەوڵەتی لە پێناو ئاشتی و گفتوگۆی ئایینەکاندا، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ سەرکردایەتیی کوردستان ڕەخساند تا ڕاستییەکانی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی جیهانیدا بخاتە ڕوو.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی، "ئەوەی زیاتر مانای بەو سەردانە دەبەخشی، ئەوەیە کە بنەماکانی لێبووردەیی ئایینی لە ساڵانی دواتردا و بەتایبەتی لە سەردەمی هێرشەکانی تیرۆریستانی داعشدا، بە شێوەیەکی کردەیی لە پەنادان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماو، بەتایبەت خوشک و برا کریستیانەکان، ڕەنگی دایەوە. ئەم ڕەهەندە مرۆییەش هەمیشە جێگەی پێزانینی قەداستی پاپا بووە و بووەتە هۆکاری نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان هەولێر و ڤاتیکان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info، ڕێزان حەمە ساڵح ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر، ڕۆما و ڤاتیکان خاوەنی مێژوویەکی ڕەگدارن کە لەسەر متمانە و ڕێزگرتنی هاوبەش بنیادنراون. سەردانەکەی ساڵی ٢٠٠٥ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو بەردی بناغەی دیدگایەکی ستراتیژیی درێژخایەن بوو بۆ چەسپاندنی پێگەی کوردستان وەک مەشخەڵی ئاشتی، سەقامگیری و فرەیی لە ناوچەکەدا.

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار