١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

کەوێ میرۆ بۆ KDP.info: دۆسیەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە قۆناغی کۆتاییدایە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ناوی زیاتر لە ٢٠ هەزار زیندانیی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کراوە بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی عێراقدا و پرۆسەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە.

کەوێ میرۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ناوی ٢٠ هەزار و ٨٦٨ زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تێپەڕیون و چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەی عێراق دەکەین تا سوودمەند بن لە شایستە داراییەکانیان." ئاشکراشی کرد کە نامەیەکی تایبەتی داوەتە سەربەست عەلی زەیدی، سەرۆکی دەستەی زیندانیانی سیاسیی عێراق، تا هاوکار بێت و واژۆ لەسەر ئاراستەکردنی ئەو دۆسیەیە بکات.

ئەندامەکەی لیژنەی شەهیدان ئاماژەی بەوەش کرد، نامەکە حەوت خاڵی سەرەکی بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەخۆ دەگرێت. جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی میلاکی زیندانیانی سیاسی بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ بەرەو کۆتایی دەچێت و گەشبینن لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا پەسەند بکرێت.

کەوێ میرۆ باسی لەوەش کرد کە لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە ئەركی حکوومەتی فیدراڵە مافە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک دۆسیەیەکی گرینگ سەیری بکات. هاوکات داواش کراوە کچ و کوڕی زیندانیانی سیاسیی هەرێم هاوشێوەی عێراق لە کرێی خوێندن و تەواوی ئیمتیازاتە یاساییەکان سوودمەند بن.

قائید میرۆ