١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران قوتابخانەیەک بە ناوی د. فەرسەت سۆفی لە سۆران دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، وەک وەفایەک بۆ پارێزگاری پێشووی کۆچکردووی هەولێر، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی بە ناوی د. فەرسەت سۆفی لە شاری سۆران بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار دروست دەکرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، قوتابخانەی فەرسەت سۆفی لە گەڕەکی ئیسقەڵای شاری سۆران لەسەر ڕووبەری ٨٨٤٠ مەتر دووجا و بە گوژمەی ٢ ملیار و ٥٠ ملیۆن و ٤٢١ هەزار دینار دروست دەکرێت و توانای لەخۆگرتنی ٦٥٠ قوتابیی دەبێت.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران تیشکی خستە سەر کوالێتیی پێشکەوتووی قوتابخانەکە و گوتی، پڕۆژەکە لە ڕووی ئەندازیاری و نەخشەسازییەوە بە شێوازێکی سەردەمییانە دیزاین کراوە و لە بینایەکی دوو نهۆمی پێکدێت، کە ١٨ پۆلی خوێندن، ٩ ژووری کارگێڕی، کتێبخانە، هۆڵێکی گەورەی تاقیکردنەوە، ٦ ژووری چالاکی، تاقیگەکانی کیمیا و فیزیا و زانست، کافتریا، چێشتخانە، فرۆشگا، یاریگەیەکی تۆپی پێ، گەراجی ئۆتۆمبێل، باخچە و سەوزایی و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە لەخۆدەگرێت، تاوەکو ژینگەیەکی لەبار بۆ قوتابییان و مامۆستایان بڕەخسێنێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی KDP.info دووپاتی کردەوە کە ئەم خوێندنگەیە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی و وەک وەفادارییەک بۆ کەسایەتییە ئەکادیمی و زانستخوازەکەی، بە ناوی د. فەرسەت سۆفییەوە دەنرێت.

د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر بوو و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد.

ئەژین غەفار