یاد و کردارەکانی دکتۆر فەرسەت لە دڵی هەموو هەڤاڵ و هاوڕێ و کەسوکارەکانیدا بە زیندوویی دەمێننەوە

هەولێر-KDP.info- لە میانی ڕێوڕەسمی بەخشینی شەشەمین خەڵاتی ساڵانەی دکتۆر فەرسەتدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ژیان و خزمەتەکانی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر و هاوکات وردەکاریی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی ئەمساڵی خستە ڕوو.
ئومێد خۆشناو لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی دکتۆر فەرسەت کرد و ڕایگەیاند، “دکتۆر فەرسەت دوایین وێستگەکانی ژیانیشی پێشکەش بە خەڵکی شارەکەی کرد، هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆی خستبووە گەڕ تا کەمترین قوربانی لە شارەکەی و لە هاونیشتمانیاندا هەبێت”. گوتیشی، هەر ئەو بەرکەوتنە زۆرانە بوونە هۆکاری تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوای چەند ڕۆژ مانەوە و ئازارێکی زۆر، کۆچی دوایی کرد، بەڵام یاد و کردارەکانی لە دڵی هەموو هەڤاڵ و هاوڕێ و کەسوکارەکانیدا بە زیندوویی دەمێننەوە.
سەبارەت بە پڕۆسەی دەستنیشانکردنی براوەی خەڵاتەکە، پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە، دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکێکە لە بڕیارە قورسەکان، چونکە لە سنووری هەولێردا چ لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و چ لەناو هاووڵاتییاندا دەیان و سەدان نموونەی جوان و شایستە هەن. ئاشکراشی کرد، بۆ شەشەمین ساڵی خەڵاتەکە و بەپێی پێوەرە دیاریکراوەکان، کارمەندێکی بەرگری شارستانیی هەولێر هەڵبژێردراوە.
ئومێد خۆشناو چیرۆکی ئەو هەڵوێستەی گێڕایەوە و گوتی، لە کاتی کەوتنەوەی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە شوقەکانی شارێکی نیشتەجێبووندا، ئەو کارمەندەی بەرگری شارستانی لەگەڵ هاوڕێ و ئەفسەرەکانیدا بە خۆنەویستانە هەوڵی دەربازکردنی خەڵکیان داوە”. وەک پارێزگاری هەولێر باسی کرد، لە ڕێڕەوی باڵەخانەکەدا ئافرەتێک لە هۆش خۆی چووبوو کە پێشتر هەوڵی دابوو بڕێکی زۆر لە پارە، زێڕ و بەڵگەنامەکانی لەگەڵ خۆی دەرباز بکات، دوای ئەوەی ئافرەتەکە ڕزگار کراوە و لە نەخۆشخانە بە هۆش خۆی هاتووەتەوە، کارمەندەکەی بەرگری شارستانی ئاشکرای کردووە کە پارە و زێڕ و بەڵگەنامەکانی پاراستووە.
پارێزگاری هەولێر ئەو هەڵوێستەی بە سیمبولێکی جوانی گەنجانی نیشتمان و بەهایەکی بەرزی مرۆڤایەتی ناو کۆمەڵگە وەسف کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو کارمەندانی حکوومەت بەو نەفەسە لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن. هەروەها ئاماژەی بە رووداوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنوورەکەش کرد و گەنجێکی دیکەی وەک سیمبولی ئازایەتی ناو برد کە لە پێناو دەربازکردنی گیانی خەڵکدا گیانی خۆی بەخت کردووە.
ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە ئەم هەڵوێستە مرۆییانە هەڵگری هەمان ئەو سیفات و خاسییەتانەن کە لە دکتۆر فەرسەتدا هەبوون، هیوای تەمەندرێژیشی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری خواست و ڕایگەیاند، “هەولێر و پارێزگای هەولێر بۆ هەمیشە بە شکۆ و شانازییەوە لە بەرامبەر گەورەیی ئەو مرۆڤەدا دەوەستن.





