بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسیی پارتی سیمینارێکی لەبارەی مێژووی هەڵبژاردن ڕێکخست

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی زنجیرە خول و سیمینارە بەردەوامەکانیدا بە مەبەستی ئامادەکاریی پێشوەختە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کادیران بۆ پڕۆسەکانی داهاتوو، بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سیمینارێکی زانستیی ڕێکخست.
سیمینارەکە لە بارەگای بەشی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی د. جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن، هەریەک لە یاریدەدەرانی بەش (ئەڤین هروری و لیزا فەلەکەدین کاکەیی)، و ژمارەیەک لە بەرپرسی هۆبەکان و ئەندامانی بەش بەڕێوەچوو.
تەوەری سەرەکیی سیمینارەکە کە لەلایەن هەڤاڵ عەباس سوارە ئەندامی بەشی هەڵبژاردنەوە پێشکەش کرا، تایبەت بوو بە (مێژوو و قۆناغەکانی گەشەی هەڵبژاردن). تێیدا ناوبراو بە وردی و بە شێوەیەکی ئەکادیمی تیشکی خستە سەر مێژووی سەرهەڵدان، قۆناغە جیاوازەکان و چۆنیەتیی گەشەسەندنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی لە جیهاندا.
ئەم چالاکییەش بەشێکە لە بەرنامەی بەردەوامی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ستاف و کادیرانی بەشەکە، تاوەکو بە ئامادەباشییەکی تەواوەوە پێشوازی لە پڕۆسە و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن.






