١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

شوێنەواری سۆران بۆ KDP.info باسی دەنگدانەوە جیهانییەکانی دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی دەڤەرەکە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵینە مێژووییەکانی ئەم دواییەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەنگدانەوەیەکی جیهانییان هەبووە و ژمارەی ناوچە شوێنەوارییە تۆمارکراوەکان بۆ نزیکەی ١١٠٠ شوێن بەرز بووەتەوە.

د. عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دۆزینەوە شوێنەوارییەکان و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لە ئیدارەی سۆران گەشەسەندنێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، بە جۆرێک لە ڕابردوودا تەنیا ٥٢ شوێنی شوێنەواری تۆمار کرابوون، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەو شوێنەوار و ئاسەوارە مێژووییانەی لە سنوورەکەدا دۆزراونەتەوە دەگاتە نزیکەی ١١٠٠ شوێنی شوێنەواری، ئەمەش سەرنجی ناوەندە جیهانییەکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە."

سەبارەت بە گرنگیی ئەم دۆزینەوانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، د. عەبدولوەهاب سلێمان ئاماژەی بەوە دا، "هەڵکۆڵینە مێژووییەکانی ئەم دواییەی ئیدارەی سۆران دەنگدانەوەی جیهانییان بەدوای خۆیاندا هێناوە و بوونەتە سەردێڕی هەواڵی میدیا و گۆڤارە زانستییە نێودەوڵەتییەکانی وەک (BBC، CNN و Scientific Reports). هەر لە ماوەی ڕابردوودا لە ئەنجامی هەڵکۆڵینەکاندا، پاشماوەی دوو مرۆڤی نیاندەرتاڵمان دۆزییەوە کە مێژووەکەیان بۆ ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە."

بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران وردەکاریی ناوچە و سەردەمە مێژووییەکانی خستە ڕوو و گوتی، "بە گشتی لە ئەشکەوتی شانەدەر لە مێرگەسۆر، گردی بانەهێلک و گردە دەشت لە قەزای سۆران، ئەشکەوتەکانی گەلی چناران لە خەلیفان، ئەشکەوتی کافران لە ڕواندز، ئەشکەوتی چۆمباڵۆک لە چۆمان (باڵەکایەتی)، هونەری سەربەرد لە سیدەکان و سەدان ناوچەی دیکەی گرنگ، کۆمەڵێک شوێنەوار و کەلوپەلی مێژوویی دۆزراونەتەوە کە مێژووەکانیان بۆ سەردەمی بەردینی کۆن، سەردەمی بەردینی نوێ، کولتووری حەلەف و سەردەمی ئورارتوویی دەگەڕێنەوە."

ناوبراو تیشکی خستە سەر هەماهەنگیی زانکۆ جیهانییەکان و گوتی، "ئەم دۆزینەوە و هەڵکۆڵینە نوێیانە بە پشتگیری و ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوبەشی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و چەندین زانکۆی بەناوبانگی جیهانی و ناوخۆیی ئەنجام دراون، لەوانە زانکۆی کەمبریجی بەریتانی، زانکۆی سەربەخۆی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، زانکۆی هالەمارتن لۆتەر و زانکۆی کیڵی ئەڵمانی، لەگەڵ زانکۆکانی سۆران و سەلاحەدین."

لە کۆتاییدا د. عەبدولوەهاب سلێمان ڕایگەیاند، "ئەم دۆزینەوە نوێیانە بە تەواوی دەیسەلمێنن کە کوردستان، ئیدارەی سۆران و چیاکانی زاگرۆس لە دێرزەمانەوە لانکەی سەرەتایی شارستانییەت، پەرەسەندنی مرۆڤ و داهێنانە مرۆییەکان بوون. دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆڤی کۆن و سەرەتاکانی کشتوکاڵ و کۆمەڵگە مرۆییەکان لەم دەڤەرەدا، پێگەی مێژوویی و ستراتیژیی خاکی کوردستانی لەسەر نەخشەی شارستانییەتی جیهانی یەکلایی کردووەتەوە."

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار