یەکێتیی زانایان داوای سازان و ئاشتەوایی نیشتمانی لە لایەنە سیاسییەکان دەکات

هەولێر-KDP.info- یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای کوردستان و دوا پێشهاتەکان، داوای یەکگرتوویی، سازان و ئاشتەوایی نیشتمانی لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە کوردستان بەرگەی پەرتەوازەیی و ناکۆکیی زیاتر ناگرێت و ئەرکی نیشتمانیی سەرشانی هەموو لایەنەکانە قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانی وەک گلێنەی چاویان بپارێزن.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانە:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا) آل عمران:103
حزب و لایەنە سیاسیەکان – جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
لە ڕوانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و وەک ئەرکی ئایینی و نیشتمانی، بە پێویستی دەزانین داوایەک ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان بکەین.
بەرێزان: هەمووان دەرک بەوە دەکەین کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار دایە، لەم هەلومەرجە تایبەت و پڕ لە کێشمەکێش و هاوکێشەی سیاسی و ئیقلیمی، بەرگەی پەرتەوازەیی و ناکۆکی و ململانێی زیاتر ناگرێت، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و هەرێمەکەمان، پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و سازان و ئاشتەوایی نیشتمانی هەیە.
پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندی نیشتمان و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی و سەقامگیری نێوماڵی کورد لەسەروو هەموو لایەنەکان و بەرژەوەندییەکی ترەوەیە، بە بیر هەمووان دێنینەوە کوردستان بە دەریایەک خوێن و خەبات بە ئێستا گەیشتووە، ناکرێ لەپێناو بەرژەوەندی کاتی و تایبەتی و حزبی، تووشی قەیرانێکی قوڵتر و حاڵەتێکی نەخوازراو بکرێت و دواجار هەمووان لێی پەشیمان ببنەوە.
بەو پێیەی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان موڵکی گشتی گەلە، ناکرێ وەک کەرەستە و کارتی ململانێی سیاسی و مەترسی دروستکردن لەسەر قەوارەی هەرێم بەکار بێت، هەر کەس ئیرادەی خێری بۆ کورد و کوردستان نەوێت، یاری بە چارەنووس و مافە نەتەوەییەکان و مێژووی کورد دەکات، کوردستان ماڵی هەمووانە و هەمووانیش ئەرکێکی گەروەی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان لەسەر شانە، گرنگە هەمووان بێنە ژێر بار و خواستی کەس پەراوێز نەخرێت و دۆخی دەروونی و بار و گوزەرانی هاووڵاتیان لەبەر چاو بگیرێت.
دەبێ ئەو ڕاستیيەمان لەبەر چاو بێت، کورد نەیاری زۆرە و تەنیا کوردە دەتوانێ دۆست و پاڵپشت و هێزی ڕاستەقینەی کورد بێت، بۆیە جارێکی تر داوامان وایە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی سەرشانیان بكەن و ڕۆڵی دڵسۆزانەی خۆیان لەو پێناوەدا بخەنە گەڕو، بهرههمی خهبات و قوربانیانی مێژوومان له بار نهبرێت و، ئەرکی نیشتیمانی سەرشانی هەموو لایەنەکانە کوردستان و دەستکەوتەکانی وەک گلێنەی چاویان بپارێزن.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
17ی11ی2026




