لقی ١٩ی پارتی لە چەمچەماڵ ڕێزی لەو مامۆستایانە گرت کە بەشدارییان لە شەڕی دژی داعشدا کردووە

چەمچەماڵ-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لقی ١٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەمچەماڵ، لە مەراسیمێکی شکۆداردا پێشوازیی لە ژمارەیەک مامۆستای سنوورەکە کرد و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشین، کە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بەشدارییان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش کردبوو.
مەراسیمەکە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مام هێرش جەباری، بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەمچەماڵ، هەڤاڵانی دەستەی کارگێڕیی لق، بەرپرسی لقی چەمچەماڵی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان و کادیرانی بەشی جەماوەری و پیشەییەکانی لق بەڕێوە چوو.

لە میانی مەراسیمەکەدا، وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی ئەو مامۆستا تێکۆشەرانە، ستایشی ڕۆڵی مێژوویی و جوامێرانەیان کرا کە لە کاتە سەختەکاندا و هاوشانی پەروەردەکردنی نەوەکان، چەکی شەرەف و بەرگرییان هەڵگرتووە و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بەرگرییان لە خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، لەلایەن لقی ١٩ی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بەو مامۆستایانە کرا، وەک وەفادارییەک لە بەرانبەر خزمەت و قوربانیدانیان لە هەردوو سەنگەری زانست و بەرگریکردن لە نیشتماندا.





