دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایەک و داواکارییەکی لەبارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە

بەغدا-KDP.info- دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دوو بڕیاری جیاوازدا کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا دەریکردن، سکاڵای دژی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندی و داواکاریی دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکانی پەرلەمانیشی ڕەتکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، دوو بڕیاری لەبارەی دۆسیەکانی پەیوەست بە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکرد:
1. سکاڵای نادەستووریبوونی خولی شەشەم: دادگاکە لەسەر سکاڵای ژمارە (211/اتحادیة/2026) کە داوای حوکمدانی بە نادەستووریبوونی بەردەوامیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو، بە کۆی دەنگ بڕیاری دا سکاڵاکە ڕەتبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندیی دادگاکە لە چاودێریکردنی ئەو بابەتەدا بەپێی ماددەی (93/یەکەم)ـی دەستوور.
2. داواکاریی فەرمانی وەلائی: لە دۆسیەی ژمارە (264/اتحادیة/أمر ولائي/2026)ـیشدا، دادگاکە داواکاریی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی لێکەوتە و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی دەرکردنی فەرمانی وەلائی کە لە ماددەی (151)ـی یاسای دادبینی شارستانیدا هاتوون، لەوانە نەبوونی سیفەتی بەپەلەیی.
دادگای فیدراڵی جەختی کردەوە کە هەردوو بڕیارەکە بەپێی ماددەی (94)ـی دەستووری عێراق پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان.




