١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

سەنگەر کانەبی بۆ KDP.info: هەڵمەتی گشتگیری هۆشیارکردنەوەی لاوان لە سنووری لقی ٢٣ بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی هەڵمەتێکی گشتگیر و بەرفراوانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و بەتایبەتی چینی گەنجان و لاوان لە مەترسی و لێکەوتەکانی ماددەی هۆشبەر دەست پێ کردووە، جەختیشی کردەوە کە بەشێکی سەرەکیی شێوازی نوێی کارکردنمان، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لە دیاردە مەترسیدارەکان.

سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی، هەڵمەتی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری لقەکەمان بەردەوامە و دوێنێش سیمینارێک لەبارەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە چوو. ئێمە ئەم جۆرە چالاکییانە بە گرنگ دەزانین، چونکە لە ئێستادا ماددەی هۆشبەر مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگەکەمان و پێویستە بەتایبەتی چینی گەنجان و لاوان لە مەترسی و لێکەوتە ترسناکەکانی ئەو ماددانە هۆشیار بکرێنەوە."

بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانیان کرد و گوتی، "ئەمساڵ لە سنووری لقەکەمان دەست بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی گشتگیر کراوە، چەندین کۆڕ و سیمینار بە مەبەستی پێدانی ڕێنمایی بە خەڵکی سنوورەکە بەڕێوە چوون و لەگەڵ نوێنەری چین و توێژەکانیش کۆبوونەوە ئەنجام دراوە، لەبەر ئەوەی پێویستە هەموو لایەک پێکەوە بەرەنگاری ماددەی هۆشبەر ببینەوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info، سەنگەر کانەبی گەورە دووپاتی کردەوە، "ئێستا بەشێکی گرنگی کارکردنمان، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لە دیاردە مەترسیدارەکان. مەخابن هەرێمی کوردستان کراوەتە شوێنی ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و ئەگەر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییانە نەکرێت، لە داهاتوودا کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان دژی ماددەی هۆشبەر و بە وردی کار لەسەر ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی دەکەین."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار