بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان بۆ ژینگەپارێزان: هەمیشە دەرگای لق بە ڕووی داواکاری و پێداویستییەکانتاندا واڵایە

چۆمان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای لق پێشوازیی لە چاودێر و کرێکارانی ژینگەپارێزی سنووری قەزای چۆمان کرد و ڕایگەیاند، ژینگەپارێزان سیمبولی جوانیی شارن و ڕۆڵیان جێگەی شانازییە، دڵنیاییشی پێ دان کە دەرگای لق هەمیشە بۆ داواکاری و پێداویستییەکانیان واڵایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی پاڵپشتی و بەسەرکردنەوە بەردەوامەکانی بۆ توێژی ژینگەپارێزان، شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کارگێڕانی لق، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی باڵەک و سەرۆکی شارەوانیی چۆمان، لە بارەگای لق پێشوازییان لە چاودێر و کرێکارانی ژینگەپارێزی سنووری قەزای چۆمان کرد.

لەو دیدارەدا کە خوانێکی بەیانی بۆ ستافەکە ڕێک خرابوو، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان وێڕای بەخێرهێنانیان، سوپاس و دەستخۆشیی گەرمی ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان کرد، کە بەبێ گوێدانە سەرما و گەرما، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و خزمەت بە پاکڕاگرتنی شار و ژینگەی دەڤەرەکە دەکەن.
لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان دووپاتی کردەوە کە ژینگەپارێزان سیمبولی جوانیی شارن و ڕۆڵیان جێگەی شانازییە، هاوکات دڵنیایی پێ دان کە دەرگای لقی ٢٦ی گوڵان هەمیشە بە ڕووی داواکاری و پێداویستییەکانیاندا واڵایە و لە پشتگیریکردنیان بەردەوام دەبن.





