١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

لە لقی ٢٤ی سەفین، پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ کران

سەرچاوە: KDP.info

شەقڵاوە-KDP.info- سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە یاوەریی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم هیچ درێغییەک لە خزمەتکردنی سنووری شەقڵاوە، پیرمام و هەریر ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی لق و بەرپرسی لیژنە ناوچەکانی سنوورەکە، پێشوازیی کرد لە د. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندی یاوەریان.

لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی خەڵکی سنووری لقی ٢٤ی سەفین لە قەزاکانی شەقڵاوە، پیرمام و هەریر، هاوکات باسی لە پێداویستی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکە کرد.

دواتر د. ئومێد سەباح لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر دوایین ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی کرد.

لە کۆتاییی قسەکانیشیدا جەختی لەوە کردەوە کە سنووری لقی ٢٤ی سەفین و قەزاکانی شەقڵاوە، پیرمام و هەریر و ناحیە و گوندەکانی دەڤەرەکە، لای سەرۆکایەتیی حکوومەت و بە تایبەت مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و هەرچییەک لە توانای حکوومەتدا بێت بۆ خزمەتکردنی جەماوەری سنوورەکە درێغی لێ ناکرێت.