کاروانی ئاوەدانی و ئیرادەی دەوڵەتداری

ئاری نانەکەلی
مێژووی هاوچەرخی کوردستان سەلماندوویەتی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە قەڵغانی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشەنگی ئاوەدانی و گەشەپێدان بووە. لە چوارچێوەی ئەم ڕێبازە نەگۆڕەشدا، ڕۆڵ و سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بووەتە هەوێنی سەقامگیری، پێشکەوتن و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بە تەواوی ناوچەکانی کوردستان بەبێ هیچ جیاوازییەک.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی وەک ڕۆڵە و درێژەپێدەری قوتابخانەی بارزان و لەژێر ڕێنمایی و دیدگا حەکیمانەکانی سەرۆک بارزانیدا، بەرپرسیارێتیی قۆناغێکی هەستیاری لە ئەستۆ گرتووە. کارکردنی بەڕێزیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، بوونی بە داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە مافە دەستوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و خزمەتکردنی بێوچانی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، ئەنفالکراوان و تێکۆشەران، نیشانەی دڵسۆزی و پابەندبوونێکی قووڵە بە بەها باڵاکانی کوردایەتی و دەوڵەتداری.
ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ئاستی ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێزدا. دیدگا و ستراتیژیی ڕۆشنی سەرۆکی حکوومەت، لە ماوەیەکی پێوانەییدا کوردستانی بەرەو قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن بردووە و بەڵێنەکانی بووەتە کردار لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا، بە جۆرێک پڕۆژە ستراتیژییەکان بوونەتە جێگەی سەرنج و بایەخی ناوەندە نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆییەکان. جێپەنجەی بەڕێزیان لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری، ئاوەدانی، ئاسایشی ئاو و خۆراک و پەرەپێدانی فەرهەنگیدا، هێندە دیار و کاریگەرە کە بووەتە بەهێزترین وەڵامی کرداری بۆ هەموو ئەو دەنگە نەشاز و هەڵمەتە بێبنەمایانەی کە دەیانەوێت ڕاستییەکان بشێوێنن.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و فشاری جۆراوجۆر دەبێتەوە، هەندێک لایەن و کەسانی بێپڕۆژە، دوور لە بنەماکانی دیموکراسی و ئەتەکێتی سیاسی، پەنا بۆ هەڵمەتی چەواشەکاری دەبەن تاکوو کاروانی ئاوەدانی و سەقامگیری خاو بکەنەوە. بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت کە هەمیشە دەستکەوتە کردارییەکان و خزمەتکردنی خەڵک سەردەکەون، نەک دروشم و بانگەشەی بێبنەما.
ئەمڕۆ خۆڕاگری و کار و پڕۆژە بەرچاوەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بوونەتە جێگەی متمانەی هاووڵاتییان و ئومێدی خەڵکی کوردستان. لە پشت ئەم کاروانە ئاوەدانکەرەوەیەوە، لەشکرێک لە کادیرانی دڵسۆز، تێکۆشەران و جەماوەرێکی نیشتمانپەروەر وەستاون کە بڕوایان بە داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر هەیە. بۆیە هیچ هەوڵ و هەڵمەتێکی ناڕەوا ناتوانێت ڕێگری لەم کاروانە پڕ لە دەستکەوتە بکات و ڕۆژی ڕووناک هەمیشە ڕاستییەکان بۆ گەلی کوردستان دەردەخات.




