پەیامی سەرۆک بارزانی وەڵامدەرەوەی ویست و خواستەکانی کوردستانیانە

وەیسی سەعید وەیسی
سەرۆک مەسعود بارزانی، ھەموو دەم خەمی گەلی کوردستانی لەسەر شان هەڵگرتووە، پەیام و دەستپێشخەرییەکەی ڕۆژی
9ی تشرینی دووەمی 2026ی جەنابیان بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و کۆتاییھێنان بە قەیرانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە، بۆیە گرنگە لایەنە سیاسییەکان بەدەم پەیامەکەیەوە بچن، وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لێی بڕوانن، چونکە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوئاراستە و هاوگوتار بن و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دابنرێت.
بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی گەلەکەمان لە یەکدەنگی و برایەتیدایە، هەروەها ناتەبایی و پەرتەوازەییش زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێت، ئەزموونی ڕابردووش باشترین گەواھیدەری ئەم ڕاستییەیە، کە تەبایی و یەکترقبووڵکردن و ھاوکاریکردنی نێوان لایەنەکان، ھێز و بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنەکان بووە، بۆیە دەبێت لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کوردستان، ھەرچی زووترە کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بهێندرێت و بەرژەوەندیی خەڵک و خاکی کوردستان ئامانج و کۆکەرەوەی ھەمووان بێت، کە تەنیا بەمەش دەتواندرێت بەرەنگاری ئالنگاری و مەترسییەکان ببینەوە.
ئاساییە لەناو لایەنە سیاسییەکاندا لەسەر زۆر بابەت تێڕوانینی جیاواز ھەبێت، بەڵام پێویستە لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ھەرھەمووان کۆک و ھاوڕا بن.
بە دڵنیاییەوە پەیام و دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی، وەڵامدەرەوەی ویست و خواستەکانی کوردستانیانە، کە چاوەڕوان دەکرێت لایەنەکان لە ژێر رۆشنایی دەستپێشخەرییەکەیدا، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بهێنن.




