١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

هەورامی بۆ کونسوڵی تورکیا: پارتی لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی (سەرۆک بارزانی)دا زەمینەسازیی پێویستی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

پیرمام-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕەوایەتیی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بووە، دووپاتیشی کردەوە کە لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانیدا، پارتی زەمینەسازیی پێویستی کردووە و ئامادەیە لە زووترین کاتدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە پیرمام، دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە میانی دیدارەکەدا، دکتۆر هێمن هەورامی سیاسەت و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر کۆی پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە شیکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پاش دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەکان، بۆ دژایەتیی هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکوو لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ڕەوایەتیی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بووە.

سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دووپاتی کردەوە کە لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زەمینەسازیی پێویست لەلایەن پارتییەوە کراوە و ئامادەیی دەربڕیوە لە زووترین کاتدا کۆببنەوە، هاوکات هیوای خواست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەدەم بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی و زەمینەسازییەکانی پارتییەوە بێت.

لای خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بە بایەخەوە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان شیکردەوە، بە مەبەستی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و برەودانی زیاتر بە پێشخستنیان لە ئاستە جیاجیاکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار