دەستکەوتە کردارییەکانی کابینەی نۆیەم سەرجەم بانگەشە بێبنەماکانیان پووچەڵ کردووەتەوە

هەولێر-KDP.info- بە بۆچوونی ژمارەیەک کەسایەتی و پسپۆڕ کە لێدوانیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە و دەڵێن، پارتی و حکوومەتی هەرێم بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە قەوارەی کوردستانیان پاراستووە و دیدگا و دەستکەوتەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، هەموو بانگەشە بێبنەماکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.
لەوبارەیەوە ساکار عومەر سێنارەیی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان پڕە لە دەستکەوت و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بە ڕوانگەیەکی ستراتیژی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەنگاو بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان، پێشخستنی ئابووری، پتەوکردنی ژێرخان و بنیادنانی کوردستانێکی مۆدێرن دەنێت."
سێنارەیی ئاماژەی بەوەش دا کە هەڵمەتی ناڕەوا و دوور لە پرەنسیپ دژی سەرۆکی حکوومەت ناتوانێت بەهای هیچ هەوڵێکی نیشتمانی کەم بکاتەوە و گوتی، "ئەم جۆرە هەڵمەتانە تەنیا بۆشایی گوتاری ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن کە نە بەرنامەیان هەیە و نە جێگرەوەیەکی ئەقڵانی بۆ پێشخستنی کوردستان.
لای خۆیەوە، مامۆستا سەردار ئەسعەد مامۆ، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە جوگرافیای سروشتی، بۆ KDP.info تیشکی خستە سەر دەستکەوتە کردارییەکانی کابینەی نۆیەم و گوتی، "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، خەرمانێک لە کار و پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کراون کە وەڵامێکی کردارین بۆ هەموو بانگەشە بێبنەماکان."
مامۆستا سەردار مامۆ جەختی لەوەش کردەوە کە لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، ڕێگەوبانی مۆدێرن، تونێلەکان و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، هەنگاوی زانستی و ستراتیژیی گەورە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، ئاسانکاریی گواستنەوە و گەشەپێدانی ژینگەپارێزی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نراوە.
هەر لەم بارەیەوە، ئاوات حاجی مەنتک، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ڕووبەڕووی سەرجەم قەیران و ئاڵنگارییەکان بوونەتەوە و کاروانی خزمەتگوزارییان نەوەستاندووە."
مەنتک دووپاتی کردەوە کە هەمیشە دەستە بەهێزەکانن بناغەی ئاوەدانی دادەنێن و لە بەرانبەر ئاڵنگاری و هەڵمەتە چەواشەکارییەکاندا چۆک دانادەن، چونکە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بنیادنانی کوردستانێکی بەهێز، ئاوەدان و خۆڕاگر بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.




