٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسروور بارزانی بە کارنامەی ئاوەدانی، گوتاری بێکرداریی پووچەڵ کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

شوان هەورامی

لە گوتارێکی باودا دەگوترێت، تیری نەیاران زیاتر ڕوو لەوانە دەکات کە لە مەیدانی کار و بڕیارداندان، چونکە ئەوەی بێدەنگ بێت و هیچ هەنگاوێک نەنێت، کەمتر دەکەوێتە بەر ڕەخنە و تیری دوژمن، لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێت خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ترس و دڵەڕاوکێی ئەو ناحەزانە بکرێت، کە هێزی (ڕێزدار مەسروور بارزانی دیدگایی بونیادنەرانە و ئیرادەی ڕوەبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان) بووەتە مۆتەکە و تووشی شڵەژانی سیاسیی کردوون.

لە مێژووی گەلاندا، قۆناغە سەخت و پڕ لە ئاستەنگەکان هەمیشە پێوەری ڕاستەقینەن بۆ دەرکەوتنی ئیرادە و توانای سەرکردایەتیکردن، ئیرادە تەنیا بریتی نییە لە خواستێکی سادە، بەڵکو هێزی بڕیاردان و پێداگرییە لەسەر گۆڕانکاری و بونیادنانەوە، دروست لەدوای ساڵی ٢٠٠٩ ململانێی سیاسی بە هۆی سەرهەڵدانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی (پۆپۆلیستی) کوردستانی بە ئاقارێکدا برد، کە لە ماوەی نۆ ساڵدا شانۆی سیاسیی شێواند و تەنگژەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەریانهەڵدا، کە لە خەیاڵدانی هەموو دوژمناندا ئاراستەکردنەوەی سیاسیی حوکمڕانی لە کوردستان لە گرێژنە دەرچووە و ئەستەمە بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی، ئەو ماوەیەش خەڵکی کوردستان و جەستەی هەرێمەکەشمان بە هۆی نابەرپرسیاریی هەندێک لە سیاسییە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان، تووشی ماندووبوون و شەکەتی بوونەوە.

له دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (لە ئەیلوولی ٢٠١٨) و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم (لە ساڵی ٢٠١٩)ەوە، کە پارتی زۆرترین ڕێژەی دەنگی تێدا بەدەستهێنا، بووە هۆکاری هیوایەکی نوێ و دەرکەوتنی ڕێزدار مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بووە جێگەی ئومێدێکی گەورە بۆ خەڵکی ماندوو و شەکەتی هەرێم، کە لە یەکەم پەیامیدا دەڵێت، (بونیادنانەوە تەنیا بە دروشم و قسە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروبارەکانە، وەک بەهێزکردنی سیستم، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و کارکردن بە پلانێکی ڕوون لە نێو ئاستەنگ و بەرپرسیارێتییەکاندا). لە کۆتاییشدا ڕاسگۆیانە و بە بەرپرسیارێتییەوە شانی دایەبەر و وێستگە بە وێستگە هەنگاوی هەڵگرت بۆ پرۆژە ستراتیژییەکان وەک (بونیادنان، ئاوەدانی، ڕێگەوبان، بەنداوەکان، کارەبا، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان).

لە کۆتاییدا، بونیادنانەوە پرۆسەیەکی بەردەوامە و بە ئیرادەی پتەو، ڕاسگۆیی لە بڕیاردان و پێداگری لەسەر ئاوەدانی و چاکسازی دەکرێت، ئەوەی لەم ڕێگەیەدا گرنگە، بەردەوامبوونە لە هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیرتر، کە تێیدا ئومێد و کارکردن جێگەی نائومێدی و قسەی بێکردار بگرنەوە.

ئەو لایەنانەی هەوڵی خوڵقاندنی ئاستەنگ لە بەردەم کارنامەی چاکسازی و ئاوەدانیی سەرۆکی حکوومەتدا دەدەن و ماوەیەکی زۆرە خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی ناوچە جیاوازەکانیان کردووەتە قوربانیی دەستکەوتە ماددی و پۆستەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی هۆشیاریی هاووڵاتییان دەبنەوە، هەمان ئەو هاووڵاتییانەی کە بە هەڵوێستی نیشتمانیی خۆیان ڕێگرییان لە لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرد.

بێگومان چیتر خەڵک ڕێگە نادات شار و ناوچەکانیان لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکدا لە کاروانی خزمەتگوزاری داببڕێن و داهاتی گشتی بۆ مەرامی تایبەت بەکاربهێنرێت، ئەم ڕاستییانەش لای تاک بە تاکی کۆمەڵگە ڕوون و ئاشکران و چیتر بە گوتاری ناڕەوا دەرەنجامی کەمتەرخەمییەکان ناخرێتە ئەستۆی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار