هیچ تەمومژێکی سیاسی ناتوانێت ڕاستییەکان دابپۆشێت

هیوا گەیلانی
ماوەیەکە هەڵمەتێکی چڕ و پێشوەختە بەرنامەبۆداڕێژراو، لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسیی سەرنەکەوتوو، کارەکتەری گوماناوی و میدیای ناپیشەییەوە دەکرێتە سەر کەسایەتییەکی دیار و کاریگەری ناو کایەی سیاسیی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، ئەویش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسروور بارزانی)یە. ئەم بەرەیە بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی، هەوڵ دەدەن وێنەیەک نیشان بدەن کە گوایە بەڕێزیان هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانن، لێرەدا پێویستە دوور لە دەمارگیریی حزبی و ناوچەگەرێتی و بڕیاری پێشوەختە، بە دیدێکی لۆژیکی و بابەتییانە لە ڕاستییەکان بڕوانین و بزانین کێ لە بەرەی پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی خەڵکدایە و کێش لە بەرەی لاوازکردن و دروستکردنی قەیراندایە.
ئەوانەی ئەمڕۆ پەنجەی تۆمەت بۆ سەرۆکی حکوومەت درێژ دەکەن، هەر هەمان ئەو دەنگ و لایەنانەن کە ساڵانێکە بە ئاشکرا و بە نهێنی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار بۆ لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارە دەستوورییە دەکەن کە بەرهەمی یەک سەدە ڕەنج و خەبات و خوێنی ئەم گەلەیە، ئەم گرووپە نەک هەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمیان بە ڕەوا نەبینی و هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ڕادەستکردنی بە بەغدا، بەڵکو لەجیاتی ئەوەی لە پایتەختی عێراق ببنە نوێنەر و داکۆکیکاری مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، بوونە دەمڕاست و پارێزەری بەغدا و پاساویان بۆ بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران دەهێنایەوە. هاوکات لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە بەردەوام خەریکی شێواندنی ڕاستییەکان و قووڵکردنەوەی هەستی شارچێتین، کە دوایین هەوڵی مەترسیداریان کارکردنە بۆ دوو کەرتکردنی هەرێمی کوردستان.
لە بەرانبەر ئەم هەوڵە نەزۆکانەدا، ڕێزدار مەسروور بارزانی وەک سەرکردەیەکی هەڵکەوتوو و خاوەن جیهانبینییەکی سەردەمیانە، مێژوویەکی پڕ لە شانازی و خزمەتی تۆمار کردووە. بەڕێزیان هەر لە پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتەوە وەک ئەندازیاری ئارامی و زامنی ئاسایشی کوردستان ناسرابوو، لە ماوەی حەوت ساڵی حوکمڕانیشیدا لە کابینەی نۆیەم، لە ژێر ڕۆشنایی ڕێبازی بارزانی و ڕێنوێنییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی و ستراتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بووە قەڵغانێکی پۆڵایین بۆ پاراستنی مافەکانی گەلەکەی.
ئەو بە بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە خوای گەورە و ئیرادەی گەل، لە بەردەم ڕەشەبای پیلان و ئاڵنگارییەکاندا وەک چیایەک بە سەربڵندی وەستا و هەرگیز سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی کوردستان نەکرد.
لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، سەرۆکی حکوومەت توانی بە زمانێکی سەردەمیانە پەیامی ئاشتیخوازانە و مەزڵوومییەتی گەلی کورد بگەیەنێتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان و کوردستان بکاتە ژمارەیەکی کاریگەر و حساب بۆ کراو لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا. لەسەر ئاستی عێراقیش، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بە پرەنسیپی دیپلۆماسییەتی نەرم، پشوودرێژی و گفتوگۆی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام بە پێداگرییەکی تەواوەوە لەسەر چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان و دابینکردنی شایستە دارایی و مووچەی هاووڵاتییانی کوردستان.
ئەم دیدگا نیشتمانییە لە ناوخۆی کوردستانیشدا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، سەرۆکی حکوومەت هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە دژی سیاسەتی دوو زۆنی و جیاکاری بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەت هی هەموو کوردستانە و دەبێت بە یەکسانی خزمەتی سەرجەم شار و شارۆچکەکان بکرێت. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن حزبێکی دیاریکراوەوە دەست بەسەر داهاتی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕیندا گیرا و نەدەگەڕێنرایەوە بۆ خەزێنەی گشتی، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی ستراتیژی لەو دەڤەرانەشدا، کە بێگومان ئەگەر ئەو ئاستەنگ و قۆرخکارییەی داهات نەبووایە، قەبارەی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان لەو ناوچانە زۆر زیاتر دەبوون. هاوکات، پڕۆژە ستراتیژییەکانی دیکەی کابینەی نۆیەم لە سەرجەم سێکتەرەکاندا هێندە دیار و بەرچاون کە پێویست بە سەلماندن ناکەن.
لە کۆتاییدا، ڕاستییەکان هێندە ڕوونن کە هیچ پەردەیەکی چەواشەکاری ناتوانێت دایانبپۆشێت، خەڵکی هۆشیاری کوردستان باش دەزانن کێ هۆکاری دروستکردنی قەیرانە و کێش لە خەمی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و دابینکردنی ماف و سەروەرییەکانی ئەم نیشتمانەدایە. هەروەک پێشینان فەرموویانە، بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و مەولانای ڕۆمیش گوتەنی: ڕووناکیی تیشکی هەتاو خۆی بەڵگەیە بۆ ڕۆژی ڕوون و بۆنی گوڵاویش بەسە بۆ سەلماندنی پەسندیی گوڵ.




