ناوەندی ئافرەتانی ئاکرێ وردەکاریی کارنامەی ئەمساڵی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆ KDP.info ئاشکرا دەکات

ئاکرێ-KDP.info- بەرپرسی ناوەندی ئافرەتانی ئاکرێ، پلان و دروشمی ئەمساڵی هەڵمەتی ساڵانەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی بۆ ماڵپەڕی KDP.info ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، دروشمی ئەمساڵیان بریتی دەبێت لە (یەکگرتوویی بۆ پاراستنی ئافرەتان، دادپەروەری بۆ قوربانییان، سزادان بۆ تاوانباران). ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتەکە لە بیست و پێنجی ئەم مانگەوە دەست پێدەکات و بۆ ئەوەی پەیامی هۆشیاری سنووری ناوەندی شار تێپەڕێنێت، زنجیرەیەکی فراوانی چالاکی، کۆڕ و سمینار لە قوتابخانە، گەڕەک و ناوچە جیاوازەکان ئەنجام دەدرێن.
مامۆستا سمیان فەتحی، بەرپرسی ناوەندی یەکێتی ئافرەتانی ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە، لەسەر ئاستی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ناوەندەکانی ئافرەتان، بەتایبەت لە دەڤەری ئاکرێ، کارنامەیەکی تۆکمە داڕێژراوە. بۆ ئەوەی پەیامەکانیش پشتیوانیی کردەیی و یاساییان هەبێت، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دامودەزگا حکوومییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان کراوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی دروشمی ئەمساڵی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، سمیان فەتحی ئەوەی خستە ڕوو کە ئەم دروشمە سێ بنەمای سەرەکی و تەواوکەری یەکتر لەخۆدەگرێت، یەکەمیان ئەوەیە کە پاراستنی ئافرەت بە تەنها بە هەوڵی تاکەکەسی یان لایەنێک ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هاودەنگیی خێزان، کۆمەڵگە و دامەزراوەکان هەیە تا ژینگەیەکی سەلامەت بێتە کایەوە. بنەمای دووەم تایبەتە بە قوربانییانی توندوتیژی کە پێویستیان بە پاڵپشتی، ڕێزگرتن، پاراستنی شکۆ و گەیشتنی خێرا بە ماف و دادپەروەری هەیە، بێ ئەوەی بخرێنە ژێر باری لۆمەکردن یان ترس. بنەمای سێیەمیش بریتییە لە سزادانی تاوانباران و کۆتاییهێنان بە دیاردەی بێسزایی، لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، تا توندوتیژی ببێتە کارێکی سزادراو و سنووردار، نەک چاوپۆشی لێبکرێت.
بەرپرسی ناوەندی ئافرەتانی ئاکرێ تیشکی خستە سەر بەرنامە و چالاکییەکانی ئەو ماوەیە و ئاماژەی بەوە دا کە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا ناوەندەکانی یەکێتی ئافرەتان چەندین هەنگاوی کردەیی دەنێن. لەوانە، ڕێکخستنی پانێڵ و کۆڕی هۆشیاری و سازدانی گفتوگۆی تایبەت بە بەشداریی شارەزایانی یاسا، دەروونناسی و بوارە پەیوەندیدارەکان لەسەر پرسی دادپەروەری، مافەکانی ئافرەت و سەلامەتی لە چەرخی دیجیتاڵیدا، هاوشان لەگەڵ سەردانی مەیدانی بۆ قوتابخانە و گەڕەکەکان. هەروەها ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و بەرنامەی تواناسازی و ڕاهێنان بۆ بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون و توانای ئافرەتان، جگە لە چالاکیی بەردەوامی میدیایی و سۆشیال میدیا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیام و دیزاینی هۆشیاری بۆ فراوانکردنی کاریگەریی هەڵمەتەکە لەناو کۆمەڵگەدا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info، سمیان فەتحی جەختی لە ئامانجی سەرەکیی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن کلتووری بەرگری و خۆپاراستن بچەسپێنن، ئافرەتان و گەنجان لە ماف و ئەرکە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان هۆشیار بکەنەوە، و پشتگیریی تەواو لە قوربانییان بکەن تا بە شێوەیەکی سەلامەت و یاسایی داوای مافی خۆیان بکەن.
ئەژین غەفار




