مەسروور بارزانی: لەسەر بنەمای دەستوور داکۆکی لە مافەکانمان دەکەین

ھەولێر-KDP. info- سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، داکۆکی لە مافەکانمان دەکەین، هاوکات داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەردەوام بن لە پاراستنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی جیهانیی لاوان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "بێگومان ئێمە پێمان خۆشە لە هەر شوێنێک دەرفەتی گفتوگۆ هەبێ بەشدار دەبین، وا بزانم ئەم داوەتنامەیە ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو بابەتە کراوە، بۆیە هەم ئێمە و هەم یەکێتی ئامادەیی ئەوەمان پیشان داوە کە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بین". گوتیشی، هیوادارن بگەنە ئەنجامێکی باش کە لە بەرژەوەندیی هەموو وڵاتدا بێت و بەپێی بنەمای دەستوور و خاڵە دەستوورییەکان داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەیان بکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی دادگای فیدراڵی، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا، ئەو پرسە بۆ لایەنی فەرمی بەجێ دەهێڵن تاوەکوو لە رووی یاساییەوە دواتر وەڵامی خۆیان ئامادە بکەن، جەختیشی کردەوە، بێگومان وەڵامی یاسایی هەیە بەرامبەر بەو شرۆڤەیەی ئەنجام دراوە.
مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر رۆڵی گەنجان لە لووتکەکە و خۆپیشاندانەکەی هەولێر و رایگەیاند، رووداوەکانی ئەم دوو سێ رۆژە و بەشداربوونی گەنجان تێیاندا، ئاماژەیەکی زۆر روونە لەسەر ئەو رۆڵەی کە گەنج دەتوانێت بیبینێت. گوتیشی: "لەو خۆپیشاندانەی لە رێگەی گەنجانەوە کرا، گەنجەکانمان هەڵوێستی روونی خۆیان پیشانی هەموو جیهان و حکوومەتی فیدراڵی لە عێراق دا، کە ئێمە ئاشتی و ئاوەدانیمان دەوێ و گەنجانمان بە شێوەیەکی ئاشتییانە داوای مافی خۆیان، ئاوەدانی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خۆیان دەکەن".
مەسروور بارزانی، سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتییانەشی کرد کە سەرەڕای ماندووبوون بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هی هەموو چین و توێژ و تەمەنێکە؛ چ گەنج و چ پیر، پەککەوتە یان تەندروست بن، چارەنووسی هەمووان بەیەکەوە بەستراوەتەوە، چونکە هەرچییەک لەم وڵاتە رووبدات کاریگەریی لەسەر ژیان و داهاتووی هەموو تاکێک دەبێت. روونیشی کردەوە، بەشداربوونی پێکەوەیی و دەربڕینی هەستی هاووڵاتییان نیشانەی یەکگرتووییە لەسەر داواکردنی مافەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەر شتێکی نەخوازراو کە دژی مافە دەستوورییەکانی نەتەوە و وڵات بێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی حزبە سیاسییەکان، مەسروور بارزانی سوپاسی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی کرد کە هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە و داوای لێ کردن بەردەوام بن لە پاراستنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
