ئازاد تۆفیق بۆ KDP.info: دەبێت هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەکدەنگ بن و ماددەی ١٤٠ بکەنە کاری لەپێشینە

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری کورد، ئازاد تۆفیق، جەخت لە پێویستیی یەکدەنگی و یەکگوتاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی و یەکێتی هاودەنگ بن، توانای ئەنجامدانی هەر هەنگاوێکی سیاسییان دەبێت بۆ پاراستنی ماف و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە مێژووی عێراق سەلماندوویەتی هیچ هێزێکی عێراقی دۆستی ڕاستەقینەی کورد نەبووە و دەبێت جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکرێتە کاری لەپێشینە.
ئازاد تۆفیق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو هێزی مێژوویی و سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و جەختی کردەوە کە دەبێت یەکدەنگیی نێوانیان ببێتە بنەمای هەنگاوە سیاسییەکانی داهاتوو.
ناوبراو گوتیشی، ''پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، بە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشەوە، سەرەڕای جیاوازیی ڕا و بۆچوونەکانیان، نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی خۆیان بۆ خاک بسەلمێنن، چونکە قۆناغەکە پێویستی بە یەکدەنگییە بەرانبەر هەر جۆرە داگیرکاری، پێشێلکاریی دەستوور، خۆسەپاندن و بێکەرامەتکردنی تاکی کورد، هیواش دەخوازم ئەو هەوڵ و هەڵوێستانە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرفراوانتر و بەرجەستەتر بن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئازاد تۆفیق ڕایگەیاند، ''ئەگەر پارتی و یەکێتی هاودەنگ بن، توانای ئەنجامدانی هەر هەنگاوێکی سیاسییان دەبێت بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان. مێژووی عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە تا ٢٠٠٣ و لە دوای ٢٠٠٣ـیشەوە تا ئێستا، سەلماندوویەتی کە هیچ هێزێکی سیاسیی عێراقی دۆستێکی ڕاستەقینەی دۆزی کورد نەبووە و هیچ بەرپرسێکیش نموونەیەکی ئەرێنی و جێی متمانەی پێشکەش نەکردووە.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت کورد جیاوازیی نێوان عێراق و کوردستان لەبەرچاو بگرێت و پارێزگاری لە هەرێم و قەوارە دەستوورییەکەی بکات، لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info، ئازاد تۆفیق گوتی، ''لە قۆناغی ئێستادا دەبێت جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور ببێتە کاری لەپێشینە و ئەولەوییەتی سەرەکیی کورد، و داواکاریی بودجە، مووچە و بابەتەکانی دیکە لە پلەی دووەمدا بن، چونکە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ گرنگترین داواکارییە.
عەزیز ڕەسووڵ




