ئەمڕۆ خۆپیشاندەران پەیامێکی ڕوونیان دایە ناوخۆ و دەرەوە کوردستان لە بەردەم هەڕەشەکاندا یەک هەڵوێستە

هەولێر-KDP.info- لەژێر دروشمی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ڕەتکردنەوەی بڕیار و ڕێوشوێنە تاکلایەنەکانی بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی بەرفراوانی جەماوەری لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە شاری هەولێری پایتەخت، دەڤەری بادینان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە جیاوازەکانی دیکەی کوردستان، دەیان هەزار کەس لە سەرجەم چین و توێژەکان، قوتابیان، لاوان، مامۆستایان، کاسبکاران و کەسایەتییە نیشتمانییەکان، بە گڕوتینێکی بێوێنە و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان ڕژانە سەر شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکان.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە بەشداریی بەرفراوانی مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆی سۆران و جەماوەری دەڤەرەکە، گردبوونەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتی دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی ئەنجام درا. هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەروەها لە قەزای ئاکرێ و شارەدێی دێرەلووک، جەماوەرێکی یەکجار زۆر کۆبوونەوە و بە یەک دەنگ ناڕەزایەتیی توندیان بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دەربڕی.

خەسڵەتی دیار و هاوبەشی سەرجەم خۆپیشاندان و گردبوونەوەکانی ئەمڕۆ ئەوە بوو کە تەنیا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز کرایەوە و هیچ ئاڵا و دروشمێکی حزبی یان تایبەت بەکار نەهێنرا، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ کۆدەنگی و یەکڕیزیی نیشتمانی لە بەرانبەر مەترسییە دەرەکییەکاندا.
خۆپیشاندەران لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە پەیامێکی ڕوون و یەکگرتوویان ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوە کرد و جەختیان کردەوە کە گەلی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەکاندا یەک جەستە و یەک هەڵوێستە، و هەمووان بە یەکەوە بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەکەن کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانن.





