٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

گوتەبێژی حکوومەت: بەپێی دەستوور هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێمدا بێت دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی ١٢١ـی دەستووری عێراق، پێشمەرگە هێزی پاراستنی هەرێمە و هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێمی کوردستاندا هەبێت، دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت، جەختیشی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هێزە دەستوورییەکانی هەرێم، تەنیا ئەجێندایەکی سیاسیی کاتییە و خزمەت بە ئاشتی و یەکڕیزیی عێراق ناکات.

پێشەوا هەورامانی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیری بە (دروستکردنی هاوسەنگی) و ڕێزگرتن لە فیدراڵیزم دەست پێ دەکات، نەک بە هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەو هێزانەی کە ڕەوایەتیی خۆیان لە دەستوور و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە وەرگرتووە، گوتیشی، هەر تێگەیشتنێکی دیکە تەنیا ئەجێندایەکی سیاسیی کاتییە و خزمەت بە ئاشتی و یەکڕیزیی عێراق ناکات.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ''ماددەی ١٢١ لە دەستووری عێراقدا پێشمەرگەی وەک هێزی پاراستنی هەرێم ناو بردووە، لەبەر ئەوە هەر جووڵەیەکی سەربازی هەبێت لە ناو هەرێمدا، دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت، وەک هێزێکی خاوەن ناوبانگی باش، سەرقافڵە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ڕابردوودا و پارێزەری هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییشدا پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە، "گفتوگۆکانی ئێمە کاتێک دەگەنە ئەنجام کە هەموو لایەک باوەڕی تەواویان بەوە هەبێت کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵیی دەستوورییە لە ناو عێراقدا.

هەواڵی پەیوەندیدار