سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆز، کونسوڵی گشتی، دیپلۆماتکارانی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامێکی ڕاشکاوی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا کرد و ڕایگەیاند، ڕێکار و بڕیارە نادەستوورییەکانی ئەم دواییەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕەت دەکەینەوە و گەلی کوردستان بە هەموو هێزێکیەوە بەرگری لە ماف و قەوارە دەستوورییەکەی دەکات، جەختیشی کردەوە کە بڕیاربەدەستانی بەغدا باوەڕیان بە فیدراڵیزم نییە و دەیانەوێت بە عەقڵییەتێکی ناوەندگەرایی مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/26 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵ.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای 2003 ەوە، سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدرالیزم بنیات نرا و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بەغدا، باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە دەبێ دەستوور وەکوو خۆی جێبەچی بکرێت نەک بە شێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە و دۆخی نائاسایی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاسایی نەکراوەتەوە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، تەنیا مووچە و بودجە نییە بەڵکو ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و داننانن و ڕێزگرتنە لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
گوتیشی ئێمە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەتی فیدراڵ بووین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشین بۆ هەموو هاوکارییەک لەمبارەیەوە و بۆ چارسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و هیوادارین لە هەموو عێراق، ئەو کارە نایاساییانەی هەن بنبڕبکرێن، بەڵام ئەو ڕێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچوون، دەستووری نین و ڕەتی دەکەینەوە.
ئاماژەشی بەوە دا کە ئێمە لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و دزینی سامانی سروشتین لە هەموو عێراق و هەموو هاوکاریەکیش پێشکەش دەکەین بەڵام بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراو نییە.
ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەری یاسایە، عێڕاق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، گەلی کوردستان بە هەموو هێزیکیەوە، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان دووپات کردەوە.





