وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتییان و قوتابخانەکان دڵنیا دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە دۆخی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی لەژێر چاودێریدایە و هیچ ئاماژەیەک بۆ تەشەنەسەندنی نائاسایی نەخۆشییەکە نییە، جەختیش دەکاتەوە کە پێویست بە دڵەڕاوکێ و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن و کاروبارەکان ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی تایبەتی لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەند حاڵەتێکی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب السحايا) لە چەند پارێزگایەکی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دۆخی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕای گشتی ڕوون کردەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە داوە کە هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گواستراوەیە و بریتییە لە هەوکردنی ئەو پەردانەی دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، کە نیشانەی گشتی و تایبەتی هەیە و لە ڕێگەی پشکنینی تایبەتەوە دەستنیشان دەکرێت، هاوکات چارەسەرەکانیشی بە تەواوی بەردەستن.
سەبارەت بە ئامار و دۆخی نەخۆشییەکەش لە نێوخۆی هەرێمدا، وەزارەتی تەندروستی جەختی کردووەتەوە کە دۆخەکە بە وردی لەژێر بەدواداچووندایە و ڕایگەیاندووە، ئەو حاڵەتانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن تاکە حاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوون، بەپێی پێوەرەکانی پەتازانی هیچ ئاماژەیەک بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە تیمەکانی تەندروستی بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان دەکەن، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە.
لە کۆتاییشدا وەزارەتی تەندروستی دووپاتی کردووەتەوە کە لە قۆناغی ئێستادا پێویست بە هیچ ڕێکارێکی پێشوەختە بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن و کاروبارە ڕۆژانەکان ناکات، چونکە سەرجەم ئامادەکارییە پزیشکییەکان بۆ پشکنین و چارەسەرکردن کراون و لە ئەگەری بوونی هەر گۆڕانکارییەکی نوێشدا، هاووڵاتییانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.




