هۆشیار زێباری و عەممار حەکیم جەخت لە پابەندبوون بە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان دەکەنەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە و هەردوولا پێویستیی گەڕانەوە بۆ دەستوور، پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، و بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزە نیشتمانییەکانیان دووپات کردەوە.
هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری بەغدا سەردانی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و لە دیداری نێوانیاندا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هەروەها پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی دەستکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی وڵات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پێویستیی گەڕانەوە بۆ دەستوور و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، بە جۆرێک کە متمانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان بەهێز بکات و چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسی و دامەزراوە دەستوورییەکانەوە مسۆگەر بکات.
لە کۆتاییدا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزە نیشتمانییەکان، بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی ئێستا، چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و گەلەکەی.




