٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

هۆشیار زێباری لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی کۆماری فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە و تێیدا دۆخی سیاسیی عێراق، پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی ١١ی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ناوەند، لە بارەگای ناوەندی سەرکردایەتی لە بەغدا، پێشوازی لە بەڕێز ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی کۆماری فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، بیروڕا دەربارەی دۆخی سیاسیی عێراق، پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەروەها پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری فەرەنسا ئاڵوگۆڕ کرا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕەوتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بە پشتبەستن بە دەستوور و لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بە جۆرێک کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزترکردن و پەرەپێدانی ئاسۆکانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار