لە پاریس ڕێز لە خەباتی پێشمەرگە و شەهیدانی کورد و فەڕەنسا گیرا

پاریس-KDP.info- بە بەشداریی بەرپرسانی شارەوانیی پاریس، ژەنەڕاڵ و جەنگاوەرە دێرینەکانی فەڕەنسا، پێشمەرگە دێرینەکان و ڕەوەندی کوردستانی، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان لە هێزی پێشمەرگە و شەهیدانی کورد و فەڕەنسا لە پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوە چوو و جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیش ئامادەبوونی فەڕەنسییەکان بە پەیامێکی ڕوونی دۆستایەتی و هاوپەیمانی وەسف دەکات.
ڕۆژی شەممە، ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە ناوچەی ١٥ـی شاری پاریس، بە هاوبەشیی کۆمەڵەی برایەتی و دۆستایەتیی فەڕەنسا و پێشمەرگە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، هەروەها بە بەشداریی گرووپی فۆلکلۆریی یەک وڵات، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە هێزی پێشمەرگە و شەهیدانی کورد و فەڕەنسا لە پێناو ئازادیدا بەڕێوە چوو.

لە بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکەدا، تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان لە باخی ئوژێنی جێندی دانرا، بەشداربووان سەردانی ڕێڕەوی پێشمەرگەیان لە نێو پارکی ئەندرێ سیتڕۆن کرد و لە هۆڵی شووشەیی هەمان پارک پێشانگایەکی فۆتۆیی تایبەت بە پێشمەرگە کرایەوە. هاوکات وتارەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیلیپ دولارب، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی فەڕەنسا و پێشمەرگە، پێشکەش کران.
شوکری بەرواری، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند کە ئەمساڵ کۆنفیدراسیۆن بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی بەشداریی لەم بۆنەیەدا کردووە و بە ناوی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، وتارێکی پێشکەش کردووە کە بەهۆی ئەرکی دیکەوە نەیتوانیبوو ئامادە بێت.

بەرواری لەبارەی ناوەڕۆکی وتارەکەوە گوتی، "لە وتارەکەدا باسمان لە بەها و پرەنسیپەکانی پێشمەرگە کرد و وەک کادرێکی تەندروستیی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، پێشمەرگەیەکی دێرینی بریندارم وەک شاهیدحاڵێکی زیندوو بە ئامادەبووان ناساند کە ئەو کاتە خۆم چارەسەرم بۆ کردبوو."
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان کرد و ڕایگەیاند، "تیشکمان خستە سەر ڕۆڵی مەزنی ژنان لە شۆڕشی کوردستاندا، کە لە سەردەمی ئابڵووقەی ئابووریدا شان بە شانی پێشمەرگە لە ڕێکخستنە نهێنییەکان و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ بە ناسنامەی نەتەوەییەوە جێدەستیان دیار بوو و ئەو ڕاستییەمان دووپات کردەوە کە یەکسانیی تەواو لە نێوان ژن و پیاودا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا هەیە و بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێین."

سەبارەت بە گرنگیی چالاکییەکەش لەم قۆناغەدا، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕوونی کردەوە کە لە کاتێکدا هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئامادەبوونی ژەنەڕاڵان و بەرپرسانی فەڕەنسی و پێشوازیی گەرمیان پەیامێکی ڕوون بوو بۆ سەلماندنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان کورد و فەڕەنسا، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژیی کۆنفیدراسیۆندا بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و برەودان بە پەیوەندییە دیپلۆماسی و لۆبیسازیی کوردی لە ئەورووپا.
هۆشمەند نەجمەدین




