سبەی ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایدەگەیێنێت، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پێنج تەوەرەوە بكات.
(د. نووری عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سبەی سێشەممە بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی كۆ ببێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چوار تەوەر دەكرێت، كە بریتین لە، تەوەری یەكەم: راپۆرتێكی وەزارەتی شارەوانی لەبارەی پێداچوونەوە بە كرێی خزمەتگوزاریی ساڵانەی ناوچە پیشەسازییەكان تاوتوو دەكرێت. تەوەری دووەم: راپۆرتێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی وەرگیرانی دەرچووانی ئامادەییەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەخرێتە بەرباسەوە".
بە گوتەی (عوسمان) تەوەری سێیەم بریتییە لە گفتوگۆكردن لەبارەی زیادكردنی باج لەسەر خواردنەوە كهولییەكان و لێدەركراوەكانی. تەوەری چوارەم: دامەزراندنی سەنتەری دەستنیشانكردنی پەكەوتەیی لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوەیە، هەروەها لە كۆتاتەوەریشدا، گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتێكی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت كە سەبارەت بە دۆخی خورماتوو و كەركووك و ئاوارەكان ئامادە كراوە".
نەشوان بەرزنجی




