یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان پەسەند دەكرێت.. كورد هێشتا لەسەر كەركووك رێكنكەوتوون

كەركووك-KDP.info- پرسی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەنێو پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا وەك خۆی بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە. نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، سەرۆكی پەرلەمان ھەڕەشەی ئەوەی كردووە لەم حەفتەیەدا نەگەنە رێككەوتن، وەك خۆی پەسەند دەكرێت.
(خۆشەوی خەلیل) ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كۆتایی ھاتووە و لەسەر زۆربەی ماددە و بڕگەكان كوتلە سیاسییەكان گەییشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام ئەوەی وەك خۆی ماوەتەوە و ھیچ رێككەوتنێكی لە بارەیەوە نەكراوە، ئەو بڕگەیەیە كە باس لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكات، لە حەفتەی رابردوویشدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ زۆربەی ماددەكان كراوە، بەداخەوە ھێشتا ئێمە نەگەییشتووینەتە ئەنجامێك لەگەڵ كوتلەكانی دیكەی نێو پەرلەمان".
عەرەب و توركمان داوا دەكەن پرسی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە پارێزگاكانی عێراق جیا بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی دەزانن رێژەی كورد زۆر زیاترە لە ئەوان و دەیانەوێ بە ھۆی دەركردنی یاساوە پێش لە دەنگی كورد و زۆریی كۆرسییەكانی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بگرن. لەم بارەیەوە ئەندامەكەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە، "عەرەب و توركمان دەیانەوێ لەنێو یاساكەدا تایبەتمەندی بە پارێزگای كەركووك بدرێت وەك پێشتر و جیا بكرێتەوە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق، بەڵام ئێمە وەك كورد مكوڕین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و دەمانەوێ كەركووك ھیچ تایبەتمەندییەكی نەبێت و ھاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق ھەڵبژاردنی تێدا بكرێت".
لەبارە ھەوڵەكانی كورد بۆ گەییشتن بە رێككەوتن و ھەڵوێستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، (خەلیل) گوتی، "لە كۆبوونەوەی حەفتەی رابردوودا سەرۆكی پەرلەمان پێی راگەیاندین تا ئەم حەفتەیە دەرفەت لە بەردەم كوتلەكان و نوێنەرانی كەركووكە بگەنە رێككەوتن و، ھەڕەشەی ئەوەیشی لێ كردووین ئەگەر نەگەن بە ئەنجامێك، ئەوا لەم حەفتەیەدا وەك ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران ھاتووە، دەنگی بۆ دەدرێت، لەبەر ئەوەیش پێشبینی دەكەین وەك زۆرێك لە پڕۆژەیاسای دیكە بە زۆرینە تێیپەڕێنن و دەنگی بۆ بدەن".
قائید میرۆ




