٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەشد لە سنووری خانەقین زەویی کشتوکاڵی کوردان داگیر دەکات

سەرچاوە: KDP.info


خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی  پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ھێزێكی بۆ عەشیرەتێكی توندڕۆی سنووری خانەقین دروست كردووە و دەڵێت، لە ڕێگەی ئەو ھێزەوە زەویی جووتیارانی كورد داگیر دەكرێت و بەزۆر پارە لە جووتیارانی كوردی ناوچەكە وەردەگرن.

دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق بە چەندین ڕێگا كەوتوونەتە بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و، دەیانەوێ ھەرچی زەوی و مڵكی كوردە داگیری بكەن. (جەعفەر شێخ مستەفا)، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ھۆزی (كۆرەوی)، یەكێكە لەو ھۆزە عەرەبانەی ناوچەی خانەقین و زیاتر لە سنووری شارەدێی جەلەولا ھەن، ئەمانە دوژمنی گەلی كوردن و سەرۆكھۆزەكەیان لە شارۆچكەی خانەقین نیشتەجێ بوو، بەڵام ڕاستی نەدەكرد و پێشتر ھەموو ھۆزەكەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە بوون و دواتر پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە كرد، ئێستایش سەنگەریان گواستووەتەوە بۆ نێو حەشدی شەعبی، بەغدا ھێزێكی لەو ھۆزە دوژمنەی كورد پێك ھێناوە بە ناوی پۆلیسی فریاكەوتن، ئەم ھێزە كێشەی زۆری بۆ كوردانی جەلەولا دروست كردووە، ھەتا ئەو خانووانەی لە نێو شارەدێی جەلەولا لە ئەنجامی شەڕی داعش خاپوور بوونە، خستوویانەتە ئەستۆی ھاووڵاتییانی كورد و داوای قەرەبوویان لێ دەكەنەوە.''

(شێخ مستەفا) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ''پۆلیسی فریاكەوتنی عێراق كە لەو ھۆزەی (كورەوی) پێك دێت، دەستیان بە ھێنانی عەرەبی سوننە بۆ ناوچەكە كردووە و زەویوزاری جووتیارانی كورد داگیر دەكەن و لە ھەموویشی خراپتر داوایان لە جووتیارانی كوردی ناوچەكە كردووە چەندیان لەو زەویانە قازانج كردووە لە ساڵانی ڕابردوودا، دەبێت ھەمووی بگەڕێننەوە، ئەوەیش كارێكی قورسە و تاوانێكی دیكەیە بەرانبەر بە ھاووڵاتییانی كوردی نیشتەجێی سنوورەكە دەكرێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار