فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ عەبادی: داوای سازکردنی زەمینەی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەین
__2017_11_16_h15m33s51__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی ئاوارەكانی كەركووك و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە بڵاو کردەوە و دەڵێن: ئەو ناوچانە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە لە بارودۆخێكی ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن.
دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
تا ئێستا دەیان هەزار ئاوارەی مەدەنیی كورد كە لە شارەكانی كەركووك و خورماتوو و ناوچە جێناكۆكەكان ڕایان كردووە، لەبەر هاتنەوەی سوپا و حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانە لە دوای ١٦/١٠/٢٠١٧ـەوە لە بارودۆخێكی ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن، دوور لە ماڵ و مڵك و بازاڕەكانیان لە ناو خێوەتگای كاتی و شوێنی نەگونجاودا، كە لانی كەمی پێداویستیی ژیانی بۆ دابین نەكراوە. ئەوانە هەر لە چاوەڕوانیی ئەوەدا دەژین، كە حكوومەتی فیدراڵی ئاسایش و دەسەڵاتی یاسا بگێڕێتەوە بۆ شارەكانیان تا بتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵوحاڵیان، كە بەشێكی زۆری سەلامەت نەبووە لە تاڵانی و سووتاندن و تەقاندنەوە لەسەر دەستی ژمارەیەك گرووپی چەكداری، كە لەسەر هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەژمار دەكرێن.
ئەمڕۆ كە یەك مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو ڕووداوانەدا، لەسەر زەمین هیچ ڕێوشوێنێكی ئەوتۆ نەگیراوەتە بەر لە لایەن حكوومەتی فیدراڵی بۆ گێڕانەوەی هیوا و ئومێد بۆ هاووڵاتییە كوردەكان و لێپرسینەوە نەكراوە لەو كەسانەی هەستان بە سووتاندن و تەقاندنەوە و تاڵانكردنی ماڵ و دووكان و سامانیان.
پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی مەترسییەكی ڕاستەقینە بووەتەوە، چونكە هاووڵاتییانی مەدەنی، كە هەست بە ئارامی نەكەن و دڵنیا نەبن لە ژیان و ماڵ و نامووسیان، ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و كار و وەزیفەكانیان جێبەجێ بكەن, بە هۆی ئەو شەپۆلەی ئاوارەییەوە هەزاران فەرمانبەر ڕەنگە كارەكانیان لەدەست بدەن و دەیان هەزار مناڵ لە خویندن بێبەش دەبێت و نەخۆشیی كوشندە بڵاو دەبێتەوە، بەتایبەتیش كە خەریكە وەرزی زستان دێتە پێشەوە.
لێرەوە بە ناوی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراقەوە داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، هەنگاوی بەپەلە و دادپەروەرانە بگرێتە بەر بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر مڵك و ماڵی هاووڵاتییان لەو شوێنانە و ئەو كەسانەی بەو كارانە هەستاون ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، بەتایبەتی لە خورماتوو، هەروەها پێویستە ئەو شارە لە دیاردەی چەكداری پاك بكرێتەوە، جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی و پەلەكردن لە هەڵسەنگاندنی ڕیژەی زیانەكان و بڕیاردان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و سازكردنی زەمینەی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان.
فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٦/١١/٢٠١٧




