ئیسكۆیێ داسنی: كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی نموونەیی بۆ هەموو جیهان

جۆرجیا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی جۆرجیا دەڵیت، سەربەخۆیی كوردستان خەونی باب و باپیرانمانە و دەبێت پشتگیری بكەین، پێویستە هەموو چینوتوێژ و ئایین و پێكهاتە كوردستانییەكان و لایەنە سیاسییەكانیش پشتیوانیی لێ بكەن، چونكە ئەمە بە چارەنووسی هەموویانەوە بەستراوەتەوە.
(ئیسكۆیێ داسنی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت، "داوام لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، هەرچی كێشە و ئاریشەی هەیانە بیخەنە دوای ریفراندۆم، چونكە ریفراندۆم بە تەنیا تایبەت بە لایەنێك یان كەسێك نییە و (سەرۆك بارزانی)ـیش زۆر جار جەختی لەوە كردووەتەوەكە، ریفراندۆم موڵكی هیچ كەس یان لایەنێك نییە، بەڵكە مافی گەلانە، باسی لەوەیش كردووە كە ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتێكی فرەنەتەوە و پێكهاتە دروست بكەن نەك دەوڵەتێكی نەتەوەیی تەنیا بۆ كورد".
دەربارەی كار و چالاكی و كاریگەرییەكانیان لەسەر رای گشتیی جیهان، گوتی، "هەر ئەركێك لە سەرشانمان بووبێت ئێمە ئەنجاممان داوە و، پێویستە لە هەمووو جیهانیش پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر رای گشتیی دەوڵەتانی جیهان بكات، ئەمەیش دەرفەتێكی مێژوویە كە گەلی كورد سەربەخۆ بێت و، كوردستانیش دەبێتە دەوڵەتێكی نموونەیی بۆ هەموو جیهان".
كاروان باعەدری




